کاتی چنینەوەی بەرهەمە
رێگای 15 گوندی چوڵکراوی دەڤەری بەرگارەی کرایەوە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
دوای نزیکەی ساڵێک رێگای 15 گوندی چوڵکراوی دەڤەری بەرگارەی لە قەزای ئامێدی بەفەرمی بۆ ماوەی 12 کاتژمێر کرایەوە، تەنیا دانیشتووانی گوندەکان دەتوان سەردانی باخ و ماڵەکانی خۆیان بکەن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 2025.8.22، لە کاتژمێر 6:00ی بەیانی تاوەکو 5:00ی ئێوارە رێگای گوندەکانی دەڤەری بەرگارەی لەوانیش، “مژێ و کەڤنە مژێ و سپیندارێ و گێرگاش و دێرەشێ و گیزی وسارکێ و بیێ شێرانە و ئێک مالێ و ردێنی و زێوکاشێخا”، بە فەرمی کراوە دەبێت.
بەپێی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی، کە دانیشتووێکی گوندی کەڤنە مژێ کەمێک لەمەوبەر بەتایبەت بۆ 964- یان تۆمارکردووە و ناردووە، لە دیمەنەکاندا دیارە زۆربەی خانووەکان وێرانکراون و دیوارەکان تێکدراون و ئاسەواری گوللە پێیانەوە دیارە و لەناو خانووەکاندا هیچ شتێک بۆیان جێنەهێشتووە.
ئازاد هەمزو، موختاری گوندی مژێ و نوێنەری گوندەکانی دەڤەری بەرگارە بە 964ـی وت، چەندین هەفتە بوو داوامان لە لایەنی پەیوەندیدار دەکرد کە کاتی رنینەوەی بەرهەمی سماق و گوێز، رێگای گوندەکانی دەڤەری بەرگارە بۆ دانیشتوانی گوندەکان بکرێتەوە، چونکە بەرهەمی سماق سەرچاوەی بژێو و ژیانیانە.
وتیشی، ئەمڕۆ رێگای گوندەکانمان کرایەوە، بەڵام دیار نیە چەند رۆژ کراوە دەبێت، هەموو رۆژ پەیوەندیمان پێوە دەکرێت و ئێمەش دانیشتووانی گوندەکان ئاگادار دەکەینەوە ئایا سبەینێش کراوە دەبێت یاخود نا.
موختارەکە باس لەوەشکرد، کە تا ئێستا نازانرێت چەند زیان بە ماڵ و باخ و رەزەکانمان کەوتووە، داوامان لە گوندنشینان کردووە کاتێک سەردانی گوندەکانی خۆیان دەکەنەوە، زیانەکانیان بۆ تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی بزانن لە هەر گوندێکدا چەند خانوو رووخێنراون و وێرانکراون.
لەلای خۆیەوە، سەرچاوەیەکی فەرمی لەسنووری قەزای ئامێدی بە964ـی وت، دوای پڕۆسەی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە، نزیکەی مانگێکە دەنگی تەقە و بۆردومان لە گوندەکانی سنووری قەزای ئامێدی نابیسترێت، و رەوشی شاخ و باخەکان ئارامە،وە رێگای گوندەکانی دەڤەری بەرگارە ماوە ماوە بۆ دانیشتوانی گوندەکان دەکرێتەوە.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی، داوا لە دانیشتوانی گوندەکانی دەڤەری بەرگارەی دەکەین ئاگاداری خۆیان بن و نزیک شوێنە مەترسیدارەکان نەبنەوە بۆ ئەوەی گیانی پارێزراو بێت و لە کاتژمێر 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ بگەرێنەوە.
دەڤەری بەرگارەی لەسنووری قەزای ئامێدی بەناوبانگە بەدارەکانی “گوێز، سماق، ترێ و قۆخ”، ساڵانە زیاتر لە 150بۆ 200تۆن سماق و نزیکەی 100 تۆن ترێ لەو دەڤەرە بەرهەم دێ.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا