دانا عەبدولجەبار بۆ 964
” تەندروستیم زۆر باشە و حەزم لە سۆشیال میدیا نییە”
964+
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
دوای ماوەیەکی زۆر بێدەنگی دەنگۆی تێکچوونی باری تەندروستی هونەرمەند دانا عەبدولجەبار سۆشیال میدیای تەنیوە، بەڵام ئەو لە رێگای 964ەوە دڵنیایی دەداتە هەوادارانی، کە تەندروستی جێگیرە و هیچ شتێکی مەترسیدار نییە.
بۆ ئەوەی لە دۆخی تەندروستی هونەرمەند بپرسینەوە، پەیامنێری 964 پەیوەندی کرد بە دانا عەبدولجەبارەوە و ئەویش وتی، چەند رۆژێکە باری تەندروستیم تێکچووە و ناساغ بووم، بەڵام ئێستا زۆر باشم و لە ژێر رێنمایی پزیشکم و چارەسەر وەردەگرم، بەڵام حەز بە دەرکەوتن لەو فەوزایەی سۆشیال میدیا ناکەم.
دانا عەبدولجەبار هونەرمەندێکی دیاری بواری گۆرانی و موزیکە لە کوردستان و لە ساڵانی نەوەدەکان و دوو هەزارەکانیش ناوبانگی زۆری پەیداکرد، بە تایبەتی بە گۆرانی “ساڵی تازەتان پیرۆزبێ خەڵکی قەڵا و منارە”.
دانا عەبدولجبار لە ساڵی 1969 لە شاری هەولێر لەدایكبووە، دەرچووی كۆلێژی هونەرە جوانەكانە لە بەشی مۆسیقا، لە ساڵی 1987 دەستی بەكاری هونەری كردووە و خاوەنی چوار ئەلبوم و دەیان كۆنسێرت و بەرنامەیە.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح