گەشتیار لەوێ بوون
لە دەرگای بادینان نوسراوە؛ بدۆزرێتەوە کێ بووە سزا دەدرێ
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
لە شوێنێک بەزمانی عەرەبی نوسراوە ئەحمەد و ئادار یەکیان خۆشەوێ و لە شوێنێکی دیکە ناوی رێکار و هەکار نوسراوە، ئەمە سیمای ئێستای دەرگای بادینانە و لە چەند رۆژی رابردوو دا، لەلایەن ژمارەیەک گەشتیارەوە لەسەر دیوارەکانی ناو و هێما نوسراون.
لەپارێزگای دهۆک چەند حاڵەتێکی هاوشێوە تۆمارکراون ئەمە بووەتە دیاردە، لە شوێنە گشتییەکان و شوێنەواریدا، گەشتیاران “سیمای شوێنەکان تێک دەدەن و دەیانشێوێنن”، ئەوەتا گەشتوگوزار بەدوای کامێرای چاودێرییەوە تا ئەو کەسانە بدۆزێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.8.21، بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری گشتی شوێنەواری و کەلەپوری دهۆک بە 964ـی وت، لیژنەیەکمان ناردووەتە شوێنەکە و بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی قەزایەکە، تا بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکەن و رەنگە لە رێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە ئەو گەشتیارانە بناسرێنەوە و بەپێی یاسا سزایان دەدەن.
بریارە هەفتەی داهاتوو لیژنەیەکی دیکە، بنێردرێتە شوێنەکە “دەرگای بادینان”، بۆ پاککردنەوە و لابردنی نووسینەکان، دەرگای ئامێدی بەناوبانگە بە”دەرگای بادینان ” یەکێکە لە شوێنە شوێنەوارە مێژوویەکانی پارێزگای دهۆک، نزیکەی ساڵێکە دەروازەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەواری دهۆک و بەهەماهەنگی چەند رێکخراوێکی بیانی نۆژەن کرایەوە.
بەپێی سەرچاوە مێژوویەکان، دەرگای سەرەکیی بادینان، تەمەنی بۆ دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، دەکەوێتە بەشی باشوری رۆژئاوای قەزای ئامێدی، کە لەو قەزایە شوێنەواری هەریەکە لە ئاینەکانی ئیسلام، جوو، کریستیان و زەردەشتیەکان هەن.
هەرچی لەسەر دەرگای بادینانە، شارەزایانی مێژوو دەڵێن، بۆیە ناوی لێنراوە دەرگای بادینان چونکە، سنووری بادینان لەو دەرگایەوە دەستیپێکردووە، بەم دواییانە پسپۆڕێکی شوێنەوار بەشێکی ونبووی دەرگاکەی دۆزیوەتەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا