كارەكان دەستیپێكرد
پاركێک لە سرێشمە دروست دەكرێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
شارەوانیی ناحیەی سرێشمە رایگەیاند، دەستیان بە دروستکردنی پارکێکی بچووک كردووە، كە دەبوو ساڵی رابردوو دروست بكرایە.
شارەوانیی سرێشمە ئەمڕۆ سێشەممە 19.8.2025 ڤیدیۆیەكیان بڵاوكردەوە كە تێیدا كاركردنی تیمەكانی شارەوانی دەردەكەوێت، راشیانگەیاند، كە دوای وەرگرتنی رەزامەندی لەلایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە رێکەوتی 5.8.2024 بۆ دروستكردنی پاركێكی بچووك، بەڵام بەهۆی باردوخی خراپی دارایی نەتوانرا دەستبەجێ پڕۆژەی دروستکردنی دەست پێبکات.
دەشڵێن، خۆشبەختانە ئەمڕۆ دوای ساڵێک لە وەرگرتنی رەزامەندی، دروستکردنی قۆناغی یەکەمی پارکەکە دەستیپێكرد .
شارەوانیی سرێشمە دەڵێت، پارکەکە لەسەر رووبەری 800م دووجا لەسەر رێگای سەرەکیی ناحیەی سرێشمە دروست دەکرێت و لە ماوەیەکی کورت کارەکانی تەواو دەبێت و دەخرێتە خزمەتی گەنجان و هاوڵاتیانی ناحیەكە.