سەختی ناوچەکە و هەبوونی مین کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەی سەخت کردووە
بۆ سێیەم رۆژی لەسەر یەکە شاخەکانی هەڵەبجە دەسووتێن
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
لە دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەمەوە ئاگرێکی گەورە لە نزیک ناوچەی کۆکۆیی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە سەریهەڵداوە و تا ئێستاش بڵێسە دەکات، سەرەتا ئاگرەکە لە سنووری گوندی مۆردین بوو، بەڵام بەهۆی سەختی ناوچەکە و هەبوونی مەترسی مین، ئاگرەکە فراوانتر بوو بەرەو گوندەکانی چنار، نەیجەڵە، دەرەناوێ و چەند گوندێکی دیکە.
زانیار عومەر وتەبێژی بەرگری شارستانی هەڵەبجە بە 964ـی وت، “ئەو شوێنانەی سەرەتا ئاگریان گرتبوو، وەک گوندەکانی چنار و مۆردین لە ئێستادا کۆنترۆڵکراون، لەئێستادا سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگری نەیجەڵە و ئەو بەشەین کە بەرەو ناوچەی سازان و قوڵی میتکان رۆیشتووە”.
زانیار عومەر وتیشی، “جگە لە تیمەکان، خۆبەخشان و خەڵکی ناوچەکە لە سلێمانی و هەڵەبجەوە، بە شۆفڵ و ئامێری تایبەتەوە هاتوون بۆ پاککردنەوەی بەشێک لە رێگەکان و ئاگربڕ کردنیان، بەڵام هیچ تیمێکی مرۆیی لە شارەکانی دیکەوە نەهاتووە و بەهیواین ئەمڕۆ بتوانین بە تەواوی کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکەین”.
ئاگرەکەی هەڵەبجە جگە لە زیانی ماددی و سووتاندنی سەدان دۆنم پوش و پاوان و دارستان، زیانی گیانیشی لێکەوتووەتەوە و بەهۆیەوە ژینگەدۆستێک بەناوی ئارى موختار و کارمەندێکی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە بەناوی محەمەد شێخ حەیدەر لەو پێناوەدا گیانیان بەخت کردووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری