هەڵدانەوەی گۆڕی بە کۆمەڵەی خەسفە - وێنە: بۆ 964 نێردراوە
وتەبێژى حکومەتى عێراق:
رۆژ بەڕۆژ قەبارەى تاوانەکانى داعش بەبەڵگە دەچەسپێت
964+
وریا فەتاح
وتەبێژى حکومەتى عێراق رایگەیاند، دواى چەندین ساڵ بەسەر شکستى داعش و لەناوچونیان، بەڵگە و نیشانەى تاوانەکانیان بەردەوامن لە دەرکەوتن.
باسم عەوادى، وتەبێژى حکومەتى عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاوى کردەوە،”لەگەڵ ئاشكرابوونی تاوانە تیرۆرستییەكان لە ناوچەی “خەسفە” لە پارێزگای نەینەوا، كە رووفاتی هەزاران قوربانیی بێتاوانی عێراقیی تێدایە لە سەرجەم پێکهاتەکان، حكومەت جەخت لەوە دەکاتەوە كە پشتگیریی هەموو هەوڵێكی هونەری و یاسایی دەكات بۆ ناسینەوەی قوربانییە بێتاوانەكان و خزمەتكردنی كەسوكار و مافەكانیان”.
دەشڵێت: رۆژ لە دوای رۆژ، قەبارەی ئەو دڕندەییەی تیرۆر ئەنجامی داوە، بە بەڵگەی زیاترەوە دەچەسپێت، کە درێژکراوەی ئەو کردەوە دیکتاتۆرییانە بوو کە رژێمی لەناوچوو دژی گەلەکەمان ئەنجامی دان.
ئاماژەى بەوەشکردووە، قەبارەى ئەو تاوانکارییە، دەرخەرى قەبارەی سەرکەوتنی شەرەفمەندانەی عێراقییەکان دووپات دەکاتەوە.
دوێنێ یەکشەممە، بەفەرمی دەست کرا بەهەڵدانەوەی گۆڕەکانی ناو چاڵی خەسفە، کە گەورەترین گۆڕی بەکۆمەڵە چەکدارانی رێکخراوی داعش خوڵقاندوویانە لە عێراق، پێشبینی وایە تەرمی چوار هەزار کەسی مەدەنی و سەربازی تێدابێت.
چاڵی خەسفە کە نزیکەی 20 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری موسڵ، گۆڕێکی بەکۆمەڵ بووە کە لە سەردەمی داعشدا هەزاران قوربانی فرێدراوەتە ناوی، پاش زیاتر لە حەوت ساڵ ئێستا حکومەت بڕیاری هەڵکەندنی چاڵەکە و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکە و دەرکردنی پاشماوەی قوربانییەکانی داوە.
بە گوێرەی داتای کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لە نێوان ساڵانی 2014 و 2017، نزیکەی 200 گۆڕی بەکۆمەڵ کە زۆرینەیان لە باکووری وڵاتەکەن، لەلایەن چەکدارەکانی رێکخراوی داعشەوە بۆ زیندەبەچاڵکردن و کوشتنی خەڵی مەدەنی و سەرباز دروست کراوە.
دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی خەسفە کرا