ملیارێک و 900 ملیۆن دینار تێچووی بووە

دوای دوو مانگ کارکردن رێگای هەولێر – بەحرکە کرایەوە

964+

دەشتی عارف ـ هەولێر

دوای دوو مانگ رێگای هەولێر – بەحرکە نۆژەنکرایەوە و بە رووی شۆفێراندا کرایەوە.

رۆژی 16.6.2025 دەستکرا بە چاککردنی رێگای هەولێر ـ بەحرکە، ئەمڕۆ 18.8.2025 دوایی دوو مانگ دوو رۆژ رێگاکە بەڕووی شۆفێران کرایەوە و سەرۆکی شارەوانی دڵنیایی دایە شۆفێرانی رێگای هەولێر ـ خەبات کە ئەوانیش هەفتەی داهاتوو رێگاکەیان تەواو دەبێت و دەکرێتەوە.

کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر بە 964ـی وت، سەرەتا تێچووی پڕۆژەکە ملیارێک 649 ملیۆن دینار بوو، بەڵام بەهۆی زیادکردنی ماددەی پۆلیمەر تێچووەکەی زیادی کرد بۆ ملیارێک و 900 ملیۆن دینار.

وتیشی، قۆناغی یەکەم شەقامی 100مەتری بە 120 مەتری دەبەستێتەوە کە درێژیەکەی یەک کلیۆمەتر و 250 مەتر بوو، قۆناغی دووەمیش شەقامی  120مەتری بە شەقامی 150مەتری دەبەستێتەوە کە درێژییەکەی چوار کیلۆمەتر و 250 مەترە.

سەبارەت بە رێگای هەولێر – خەباتیش کارزان هادی وتی، ئێستا ئامێرەکان گواستراونەتەوە بۆ سەر ئەو رێگایە و لەچەند رۆژی داهاتووشدا قۆناغی یەکەمی تەواو دەکرێت و بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە، بەڵام کردنەوەکەی کاتییە چونکە پێویستی بە چوار رۆژی تر دەبێت بۆ قۆناغی دووەم و دواتر بەتەواوی رێگاکە دەکرێتەوە.

رێگای هەولێر ـ بەحرکە دوو مانگە کاری تێدادەکرێت و چەندین فەرمانگەی حکومی و پرۆژەی نیشتەجێ بوونی لەسەرە، رێگای خەباتیش دوو ساڵە کاری تێدادەکرێت و هەفتەی داهاتوو کۆتایی بەکارەکانی دێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

روونکردنەوە لەسەر داخستنى رێگاى هەولێر بۆ بەحرکە

روونکردنەوە لەسەر داخستنى رێگاى هەولێر بۆ بەحرکە