بەڵگەنامەى مێژوویى
وێنەى پاسپۆرتى هاوڵاتییەکى کورد پێش 97 ساڵ
964+
وریا فەتاح
کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر وێنەی پاسپۆرتێکی مێژوویی بڵاوکردەوە کە هی هاوڵاتییەکی کوردی عێراقە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1928.
ئەم پاسپۆرتە لە سەردەمی شانشینی عێراق لە شاری بەغداد دەرکراوە و وەک بەڵگەنامەیەکی گرنگ، تیشک دەخاتە سەر بەشێک لە مێژووی عێراق و گەلی کورد.
کونسوڵخانەی ئەمریکا ستایشی گرنگیی پاسپۆرتی کردووە وەک ئامرازێک بۆ ئاشنابوونی خەڵک بە کولتوورە جیاوازەکانی جیهان و ئاسانکاریکردنی کاری بازرگانیی نێودەوڵەتی.
کونسوڵخانەکە سوپاسی، باوەڕ فەخرەدین سەلیمی کردووە بۆ هاوبەشیکردنی ئەم بەڵگەنامە مێژووییەی بنەماڵەکەیان، کە بەشێکە لە مێژووی هاوبەشی عێراق.
پاسپۆرتەکە کە بەرگێکی رەشی هەیە و لەسەری “‘IRAQ’ PASSPORT” و “جواز سفر عراقي” و هەروەها “KINGDOM OF ‘IRAQ” نووسراوە، زانیارییەکانی خاوەنەکەی بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و عەرەبی تێدا تۆمار کراوە، لە وێنەکاندا، وێنەی خاوەنی پاسپۆرتەکە دەردەکەوێت کە پیاوێکی کوردە و جلوبەرگی کوردى لەبەردایە و جامانەشى بەستووە.