سەرچاوەى ئاوى سەروچاوە
وشکەساڵى
دابەشکردنی ئاو لە شکارتە و سەروچاوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکرێتەوە
964+
وریا فەتاح
بەهۆی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاستی ئاو، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە شارۆچکەکانی شکارتە و سەروچاوە گۆڕانکاری لە کاتەکانی دابەشکردنی ئاودا بکەن و ماوەکەی بۆ کەمتر لە کاتژمێر و نیوێک لە دوو رۆژدا کەمبکەنەوە.
بەپێى راگەیەندراوێکى بەڕێوەبەرایەتى ئاوى راپەڕین کە ئاڕاستەی دانیشتووانی هەردوو شارۆچکەی شکارتە و سەروچاوە کراوە، بەهۆی کاریگەرییەکانی وشکەساڵییەوە، ئاستی ئاوی سەرچاوەی “سەروچاوە” کە ئاوی خواردنەوەی هەردوو شارۆچکەکەی لەسەرە، بە رێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
“لەسەرچاوەکەدا پێشتر دوو مۆتۆری گەورەی غەتاسی 110 کیلۆواتی دانرابوون بۆ پاڵنانی ئاو لە سەرچاوەی قوڵپەوە بۆ پڕۆژەکە، بەڵام ئەم هەوڵانەش نەیانتوانیوە رێگری لە کەمبوونەوەی ئاوەکە بکەن”، بەڕێوەبەرایەتییەکە وا دەڵێت.
لەبەر ئەم هۆکارە، بەرپرسانی دابەشکردنی ئاو بڕیاریانداوە کە کاتەکانی پێدانی ئاو بە هاوڵاتیان کەمبکەنەوە، بەشێوەیەک بەپێی خشتەی نوێ، لە سبەینێ دووشەممەوە، ئاو تەنها بۆ ماوەی “یەک کاتژمێر و دە خولەک” و بە شێوەی “رۆژناڕۆژێک” بۆ ماڵان دابین دەکرێت.