ژمارەیەک هاوڵاتی کە دەیانەوێت بچن بۆ عومرە - وێنە: بەڕێوەبەرایەتی حەج و عەمرە
چلەی ئیمام حسێن گەڕاندنەوەیانی پەکخستووە
نزیکەی 16 هەزار عومرەکاری عێراق و کوردستان لە سعودیە ماونەتەوە
964+
شۆڕش قادری
بەهۆی چلەی ئیمام حسێنـەوە گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقی تا کاتێکی نادیار راگیراون و بەوهۆیەشەوە نزیکەی 16 هەزار عومرەکار لە سعودیە ماونەتەوە، حەج و عومرەی کوردستانیش دەڵێت، هەر عومرەکارێک دەیەوێ بگەڕێتەوە، با لەڕێی ئەو کۆمپانیایەی گەشتەکەی رێکخستووە بە رێگای وشکانی بگەڕێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان لە ئاگادارییەکدا دەڵێت، “هەر عومرەکارێک ئارەزوو بکات بگەڕێتەوە ئەوا پێویستە هەماهەنگی بکات لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەی کە لەگەڵی سەفەری کردووە تاوەکوو بە رێگەی وشکانی و بە پاس بگەڕێتەوە، ئەو هاوڵاتیانەی کە نایانەوێت بگەڕێنەوە پێویستە لەسەر کۆمپانیاکە شوێنی حەوانەوە و خواردن و خزمەتگوزارییەکان بۆیان دابین بکات تاوەکو گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێدەکەنەوە.”
ئاگاداری کۆمپانیاکانیش دەکاتەوە کە هەر کۆمپانیایەک بە ئەرکی خۆی هەڵنەستێت، رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و کارگێری دەبێتەوە و خەرجی ئەو عومرەکارانەی کە لەوێن لەو بڕە پارەیە دەگەڕێندرێتەوە کە وەکو بارمتە داویانە.
لە ئێستادا نزیکەی 16 هەزار عومرەکاری عێراقی لە سعودیە ماونەتەوە کە نزیكهی دوو هەزار کەسیان عومرەکاری هەرێمی کوردستانن.