لە دەرەوەی شاریش رووی تێدەكەن
مامۆستایەک لە هەولێر خۆبەخشانە راهێنان بە منداڵان دەكات و ئارەزووەكانیان دەهێنێتەدی
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
رێباز خورشید، مامۆستای وەرزشە و خۆبەخشانە لە شاری هەولێر، راهێنان به منداڵانی تەمەن چوار ساڵ بۆ 17 ساڵان دەكات و ئارەزوومەندەكان نەك تەنیا لە هەولێر، بەڵكو لە دەوروبەی شاريشەوە بەشداریی دەكەن.
ئەو مامۆستایە، ماوەی نۆ ساڵە لە رێكخراوی ئاشتیی خێرخوازی، راهێنان بە منداڵان دەكات و تائێستا راهێنانی بە زیاتر لە هەزار منداڵ كردووە.
ئەمساڵ بە درێژایی پشووی خوێندن، مامۆستا رێباز راهێنان بە 100 منداڵ دەكات و هەموو شەوێک لە پاركی سامی عەبدولڕەحمان، بۆ ماوەی دوو كاتژمێر، لە شەممە تا دووشەممە، راهێنانى جومناستیك، یۆگا، راكردن، بازدان، تۆپی پێ، تێنس و شناويان پێدەكات، لە دووشەممە تا چوارشەممە، درێژە بە راهێنانەكان دەدات و لە مەلەوانگەكان فێری مەلەیان دەكات.
ئارەزومەندانی ئەم راهێنانە، تەنیا لە سەنتەری شاری هەولێر نین، بەڵكو لە ناوچەكانی دەرەوەی شاریش هاتوون بۆ بەشداری.
رێباز خورشید، جگە لە پیشەی مامۆستایی، كارگێڕی رێكخراوی ماراسۆنی ئاشتییە لە كوردستان و تەمەنی 37 ساڵە و خولیای پەروەردەكردنی نەوەیەکی تەندروست و وەرزشوانە.
پێداچوونەوە: محەمەد فاتیح