هەڵەبجە
هەتابەرهەمى هاوینە بمێنێت هەفتەبازاڕى کشتوکاڵ بەردەوام دەبێت
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
دوای پێشوازی گەرمی سەردانیکەر و گەشتیاران لە یەکەم هەفتەی هەفتەبازاڕی کشتوکاڵی هەڵەبجە، ئەم هەینیەش بەردەوامی بە هەفتەبازاڕەکە درا، بڕیاریشە هەتا وەرزی بەروبوومی هاوینە بمێنێ هەموو هەینیەک بەردەوام بێت.
نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە کە یەکەم هەفتەی بوو سەردانی هەفتەبازاڕەکە بکات قسەی بۆ 964 کرد و وتی:” ئەرکی ئێمەیە کە پاڵپشتی ئەو جووتیارە دەستڕەنگینانەی ناوچەکەمان بکەین، و دەرفەتی ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان بۆ بڕەخسێنین، چونکە زۆربەی زەوی ناوچەکە بەربوومی کشتوکاڵی تێدا بەرهەم دێت”.
سەبارەت بەوەی چ بەرهەمێکی ناوچەکەی زۆر بەلاوە خۆشە، نوخشە ناسیح وتی:” ئێستە وەرزی هەنجیرە و هەنجیری ئێرەش زۆر تایبەتە، بامیە و تەماتەکەش زۆر تایبەت و نایابن، و من بەردەوام لەناو بازاڕی هەڵەبجە بەرهەمی ناوچەکە دەکڕم، بەڵام هی ئەمڕۆ تایبەتتر و فرێشترە، و هەموو ئەو شتانەی کە دەمەوێت بیانکڕم دیاریمکردوون و کاتی رۆشتنەوە دەیانکڕین”.
هەفتەبازاڕی کشتوکاڵی هەڵەبجە بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەڵەبجە، و رێکخراوی فریاگوزاری ئیسلامی ماوەی دوو هەفتەیە بەردەوامی هەیە، و ئامانجی سەرەکیش لە کردنەوەی هەفتەبازاڕەکە پاڵپشتی کردنی بەرهەمی جوتیارانی ناوچەکەیە.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح