لێشاو دەستی پێ کردووەتەوە

کۆچبەر دەبارێ؛ لە شەو رۆژێکدا 789 کەس لە دەریادا رزگارکراون

964+
ئەحمەد مستەفا

وەک بڵێی لێشاوی کۆچبەری دەستی پێ کردووەتەوە، چوون بۆ دورگەکانی ئیتاڵیا و یۆنان زیاتر لەهەرکاتێکی تر، کۆچبەری لێ دەبینرێ، تەنیا لە شەو رۆژێکدا و لە 24کاتژمێری رابردوودا، 789 کەس لە دەریادا رزگارکراون.

کە ویستوویانە لە دەریای ناوەڕاست و ئیچەوە گەشتەکەیان بەقاچاخ بکەن و مەترسییان لەسەر بووە.

پێشڕەو عەبدوڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا بە 964ی وت، کۆچبەرەکان ویستوویانە، لە تونس و لیبیاوە دەریا ناوەڕاست و لە تورکیاوە دەریای ئیجە، بەرەو دوورگە و سنوورە ئاوییەکانی ئیتاڵیا لە رێگەی یەختەوە ببڕن، هەندێکی دیکەیان ئامانجەکەیان دوورگەکانی یۆنان بووە.

کەشوهەوا تاڕادەیەک جێگیرە، بەڵام شەپۆلی دەریا ئامان و زەمانی نییە، پێشڕەو عەبدوڵا وتی، لەم مانگەدا و تا کۆتایی ئاب، کۆچبەرەکان هەوڵی تەواو دەدەن بۆ گەشتن بە سنووری جوگرافی یەکێتی ئەوروپا و پێشبینی باش ناکەم بۆ ئەو دۆخەی لەدەریادا تووشیان دەبێ.

کۆچبەرەکان هەمەجۆرەن، کورد، سوری، پاکسانی، ئەفغانی، ئەفریقی، بەنگلادیشی و سودانی، ئەو نوێنەرەی پەنابەران ئەوە بە شەپۆلێکی دیکەی کۆچکردن ناوبرد و نائارامی وڵاتەکانی وەک هۆکاری سەرەکی باس کرد.

ئەوە لەکاتێکدا، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا رۆژی دووشەممە رایانگەیاند، کە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە هاوینی رابردووەوە بە بەلەمی بچووکەوە کەناڵی ئینگلیزییان بەزاندووە، 50 هەزار کۆچبەریان تێپەڕاندووە.

هەروەها، بەریتانیا و فەرەنسا لەسەر رێککەوتنێکی نوێی کۆچبەری رێککەوتوون کە بەپێی رێککەوتنەکە بەریتانیا کۆچبەرانی بەلەمی بچووک دەگەڕێنێتەوە بۆ فەرەنسا لە بەرامبەر وەرگرتنی پەناخوازانی یاساییدا.

حکومەتی بەریتانیا دەڵێت ئامانجی سەرکوتکردنی باندەکانی قاچاخچێتی خەڵکە، ئەمەش بەڵێنێکی سەرەکی ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیایە.

بەپێی ئامارەکانی بەردەستی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە سەرەتای ئەمساڵەوە حەوت هەزار و 300 کۆچبەر گەیشتوونەتە کریت و گاڤدۆس لە یۆنان، لەکاتێکدا لە سەرجەم ساڵی 2024دا، چوار هەزار و 935 کۆچبەر گەیشتوونەتە سەر کریت و گاڤدۆس، تەنیا لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە تا ئێستا دوو هەزار و 550 حاڵەتی هاتنی گەشتیاران تۆمارکراوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەزگای لوتکە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2025، رێژەی کۆچکردن بۆ کەناراوەکانی باشووری کریت بە ڕێژەی 350% زیادیکردووە.

دەریای ناوەڕاست بە یەکێک لە مەترسیدارترین رێگاکانی کۆچکردن دادەنرێت لە جیهاندا، لە ساڵی 2024، 672 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 15 کۆچبەری دیکەش بێسەروشوێن بوون، لە ساڵی 2023، 962 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 539 کۆچبەریش بێسەروشوێن بوون.

کۆچبەرە کوردەکان سۆراغیان دەرکەوت؛ لە ماڵتان

کۆچبەرە کوردەکان سۆراغیان دەرکەوت؛ لە ماڵتان

ژنه‌ کۆچبەرێک لە کەناڵی ئینگلیزیدا گیانی لەدەست دا

ژنه‌ کۆچبەرێک لە کەناڵی ئینگلیزیدا گیانی لەدەست دا

کۆچبەرە کوردەکانی ئیجە بە سەلامەتی گەیەندرانە خاکی یۆ...

کۆچبەرە کوردەکانی ئیجە بە سەلامەتی گەیەندرانە خاکی یۆنان