کێشەی ئەوان چارە دەکات

پڕۆژە ستراتیژییەکەی ئاوی ئاکرێ ساڵێکی دیکەشی پێ دەچێ

964+

ئەحمەد مستەفا

بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئەگەر هیچ گرفتێکی دارایی بۆ دروست نەبێت، پرۆژەی ستراتیژی ئاوی ئاکرێ، کۆتایی ساڵی 2026 تەواو دەبێت و کێشەی کەمئاوی ناوچەکە چارەسەر دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 14.8.2025، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان چووە ئاکرێ و پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی قەزاکەی بەسەرکردەوە.

دواتر وتی، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی ئاوی ژێر زەوی، چەند پرۆژەیەکی ستراتیژی ئاو لە هەرێمی کوردستان دروستکراون و چەندی دیکەش لە ناوچە جیاوازەکان دروست دەکرێن.

109 ملیار و دوو ملیۆن دینار لە بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی بۆ پرۆژەی ئاوی ئاکرێ، لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابینکراوە.

پرۆژەی ئاوی ئاکرێ توانای پاڵاوتنی سێ هەزار مەترس سێجا ئاوی لە کاتژمێرێکدا هەیە و سەرچاوەکەشی ئاوی قەندیلە، بە تەوابوونی 200 هەزار هاووڵاتی سنووری 18 گوند و ناحیەی بجیل لێی سوودمەند دەبن.

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ بە گوێرەی بڵاوکراوەی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بێت، ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر هیچ کێشەیەکی دارایی دروست نەبێت، کۆتایی ساڵی 2026 پرۆژەی ئاوی ئاکرێ تەواو دەبێت و دەکەوێتە خزمەتی هاوڵاتییان.