پەنابەرێکی کوژراو دەگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان
964+
توانا نەقی
تهرمی گەنجێکی کوردی دانیشتووی سلێمانی، كه هەفتەیەک پێش ئێستا لە دانکیخی وڵاتی فەڕەنسا کوژرا، هەینی داهاتوو دهگهڕێندرێتهوه كوردستان.
رۆژی 14.2.2023 گەنجێک بە ناوی هەڵکەوت ئەحمەد، تەمەن 34 ساڵ، كه زیاتر لە پێنج ساڵە کوردستانی جێهێشتووە، بە پێی بەدواداچوونی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری پەنابەران لە کاتی خەودا کوژراوە.
ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری پەنابەران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند، بەپێی بەدواداچوونەکانی ئەوان، گەنجەکە لە کاتی خەودا لە لایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە کوژراوە.
دەشڵیت، سەرجەم رێکارە یاساییەکان لەلایەن دەزگای لووتکەوە بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی گەنجە کوژراوەکە تەواو بووە، بڕیاره رۆژی هەینی داهاتوو بگاتەوە سلێمانی و لە گردی سەیوان بەخاک بسپێردرێت.
بەپێی ئامارهکانی دەزگای لووتکە، لە ساڵی 2022 توانیویانە 28 تەرم بگەڕێننەوە هەرێمی کوردستان.