هاوکاری دیکەشیان کردوە
سێ برا ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتوانی پێنجوێن دابیندەکەن
964+
کامیار کەمال- پێنجوێن
جاری رابردوو بە تێکەڵەی چەو لم و ئەمجارەیان بە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتوانی پێنجوێن، سێ برا دەیانەوێت هاوکاری هاوشارییەکانیان بکەن.
کاردۆ کوڕی شەهید کەمالی ناسراو بە کەمالە خڕەیە و بە 964ی راگەیاند، وشکەساڵی کاریگەری دروستکردووە لەسەر پێنجوێن و ئاوی خواردنەوە کەم بۆتەوە و زۆرینەوەی بیرەکانیش وشک بووە لەبەر ئەوە بڕیاریانداوە لە شەمعەی کارگەکەیان ئاوی خواردنەوە بێ بەرامبەر بە دانیشتوانی پێنجوێن بدەن.
وتیشی، هەتاوەکوو ئاوی تێدابێت دانیشتوانی دەتوانن سودی لێوەربگرن و ئاو بێ بەرامبەر بۆ ماڵەکانی خۆیان دابین بکەن.
کاردۆ باسی لەوەشکرد، ئاوەکەیان تەنها بۆ ماڵان دابین دەکەن و ئەوانەی بۆ مەبەستی کشتوکاڵ یاخود بۆ هەر مەبەستێکی دیکە بێت ناتوانن بەکاریبهێنن و مەبەستیشیانە ئەو ئاوە پاکەی کە بۆ خواردنەوە شیاوە هەر لە ناوماڵەکاندا سوودی لێ وەربگیرێت.
کاردۆ و دووبراکەی خاوەنی کارگەی دروستکردنی کاشین لە پێنجوێن و پێشتریش بڕی 400گەڵابە تێکەڵەی چەو لمیان بۆ گەڕەکەکانی پێنجوێن دابین کرد تا هاوڵاتیان گەڕەکەکانیان رێک بکەنەوە.