"سێ ئۆتۆمبێل کەوتوونەتە ناوی"
لە چوارڕیانی سەروەری سلێمانی دوو مانگە چاڵێک هەڵکەندراوە و جێهێڵراوە
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
لە چوارڕیانی سەروەری سلێمانی، دوو مانگە چاڵێک هەڵکەندراوە و جێهێڵراوە و کەس خۆی ناکا بە ساحەبی، بەقسەی دانیشتووانی گەڕەکەکەش، چاڵەکە مەترسییەکی گەورەی دروستکردووە و بووەتەهۆی چەندین رووداوی هاتوچۆ.
ئەمڕۆ چوارشەممە پەیامنێری 964 چووەتە شوێنەکە و سەروەر عەلی یەکێک لە دوکاندارانی سەر چوارڕیانەکەی دواندووە، ئەو دەڵێت، “دوو مانگ لەمەوبەر ئەو چاڵە بۆ گۆڕینی قفڵێک هەڵکەندراوە، تا ئێستاش نە قفڵ گۆڕدراوە، نە کاری تێداکراوە و نە پڕیش کراوەتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژ نییە رووداوی هاتوچۆ لەو شوێنە روونەدات و تا ئێستا سێ ئۆتۆمبێل بە شەودا کەوتوونەتە ناو چاڵەکە.
سەبارەت بەو بابەت 964 پەیوەندیکرد بە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی، شارەوانی سلێمانی دەڵێت، ئەو بابەتە پەیوەندی بەوانەوە نییە و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانیش وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری