پۆلیسی هەولێر دۆزییەوە و دەستگیری کرد
بە ماتۆڕ خۆی بە ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیاندا کێشاوە و بەهەڕەشە پارەی لێوەرگرتوون
964+
شۆڕش قادری
ئەوەیە کە دەڵێن، هەندێک جار شەڕ بەردەرگات پێدەگرێ و دەبێ خۆتی لێ لادەی، لە هەولێری پایتەخت کەسێک فێرببوو، بە ماتۆڕ، خۆی بە ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیاندا دەکێشا و دواتر بە هەڕەشەکردن لێیان پارەی لێوەردەگرتن، پۆلیس دۆزییەوە و قۆڵبەستی کرد.
“ئەم تۆمەتبارە لە کاتی کەمکردنەوەی خێرایی ئۆتۆمبێلەکان لەسەر تاسەکان یان وەستانیان لە ترافیک لایتەکان، بە ماتۆڕسکیل خۆی دەکێشا بە ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیاندا و دواتریش دەهاتە خوارەوە و هەڕەشەی لە شوفێرەکان دەکرد و داوای پارەی لێ دەکردن، شوفێرەکانیش بۆ ئەوەی خۆیان لەو کێشەیە ڕزگار بکەن، بڕێک پارەیان پێدەدا و دەڕۆیشتن”، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە راگەیەنراوێکدا وادەڵێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، دواجار دادخوازێک سکاڵای لەسەر ئەو کەسە تۆمار کردووە و دوای لێکۆڵینەوەی پۆلیسی هەولێر، تۆمەتبارەکە دەستگیر کرا.
تۆمەتبارەکە لە لێکۆڵینەوەکاندا دانیناوە بە تاوانەکەیدا کە چەندین تاوانی لەو شێوەیەی ئەنجام داوە، بۆیە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە راگیراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.