بێ بۆن و بێ دوکەڵە
پاشماوەی باخە گوێز و زەیتونەکانی هەڵەبجە دەکرێتە خەڵوزی سەوز
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
چوار گرووپ لە خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە کە بەشدارییان لە پرۆگرامێکی کارسازی شانشینی هۆڵەندا کردووە، ئەمڕۆ لە زانکۆی هەڵەبجە بیرۆکەکانیان بۆ چارەسەری کێشەکانی هەڵەبجە خستەڕوو، یەكێک لەو بیرۆکانەی کە جێی سەرنج بوو، بیرۆکەی پرۆژەی “خەڵوزی سەوز” بوو کە بیرۆکەی گرووپێکی چوار کەسی بوو.
شەرمین فەرەج، خاوەنى یەکێک لە بیرۆکەکان بە 964ـى وت،” خەڵوزی سەوز جێگرەوەی خەڵوزی رەشە و بە تەواوی پشت دەبەستێت بە پاشماوە ئۆرگانییەکانی باخەکانی هەڵەبجە و هەورامان و بە تایبەت پاشماوەی گوێز و زەیتون، کە لە ناوچەکەدا ئەو دوو بەرهەمە بەربڵاون”.
” لەرێگەى بیرۆکەکەمانەوە، هەم باخەکان رزگار دەکەین لەو پاشماوانەی کە هەیانە و هەمیش دەتوانین بزنسێکى سەرکەوتووى ناوخۆى دابمەزرێنین”، شەرمین فەرەج واى وت.
بە وتەی شەرمین فەرەج، خەڵوزی سەوز تەنیا بە پێکهاتەی ئۆرگانی و دوور لە هەر مادەیەکی کیمیایی بەرهەم دەهێنرێت و بە تەواوی دۆستی ژینگە و تەندرووستی هاوڵاتیانە و هیچ زیانێکی بۆ ژینگە و تەندرووستیش نییە، و چێشتخانە و هاوڵاتیانیش دەتوانن سوود لەم بیرۆکەیە وەربگرن و لە جیاتی دار و خەڵوزی ئاسایی ئەم جۆرە خەڵوزە بەکاربهێنن.
دوای خستنەڕووی هەر چوار بیرۆکەکە، بیرۆکەی گرووپی خەڵوزی سەوز بوونە براوەی پرۆگرامەکە و تێچووی بنیاتنان و درووستکردنی بزنسەکەیان بۆ دابینکرا، کە بڕی چوار هەزار دۆلار بوو.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح