سێ هاوڕێی بەشداری پێکردووە
گەنجێکی فۆتۆگرافەر بیرۆکەیەکی نوێ بۆ تۆمارکردنی وێنە بەکاردەهێنێ
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
گەنجێکی بەهرەمەند لە دهۆک، سێ هاورێی خۆی کۆکردووەتەوە و ستۆدیۆیەکی تایبەت بە وێنەگرتنی منداڵانی تەمەن بچووک دامەزراندووە و چەندین تەکنیکی نوێ و سەرنجڕاکێش لە تۆمارکردنی وێنەکان بەکاردەهێنن.
کەلوپەلەکان و دیکۆرەکان شیکن، زۆرێک لە منداڵەکان لەنێو جوانی و هەستی خۆیان، تێکەڵ بە شیکی کەلوپەلە و کەرەستەکان دەکرێن.
ئەوان، ستۆدیۆیەکی دوو قاتیان هەیە بە دیزاین و دیکۆراتی جیاواز بۆ منداڵانی خوار تەمەنی یەک ساڵ دروستیان کردووە، هەروەها چەندین دیکۆر و ترێندی تۆڕە کومەڵایەتییەکانیان بناغە کردووە، لەکاتی هەر بۆنەوەیەک دا کارێکی جیاواز بۆ منداڵان دەکەن.
نزیکەی پێنج ساڵە، یاسر سەگڤان کاری فۆتۆگرافەر دەکات، لەبەر زۆر ئارەزووی لە کاری فۆتۆگرافی، بەتایبەت فۆتۆگرافی منداڵان، تا پۆلی نۆی بنەڕەتی خوێندووە و دواتر وازی لە خوێندن هێناوە، بەردەوام لەوکاتەوە کاری فۆتۆگرافەری دەکات.
یاسر سەگڤان، فۆتۆگرافەری ستۆدیۆی “بیبیbaby” بە 964ـی وت، من وازم لە خوێندن هێنا، چونکە حەزم دەکرد فۆتۆگرافەر بم و لەبەر کامێراکەم نەم توانی بەردەوامی بدەمە خوێندەکە، بەڵام حەوت بڕوانامەی پیشەیی لە بواری فۆتۆگرافیدا هەیە، و ماوەی پێنج ساڵە وەک فۆتۆگرافەر کار دەکەم.
ئەو بەتایبەت ئارەزووی لە تۆمارکردنی وێنەی منداڵانی بچووکە، پێش کردنەوەی ستۆدیۆکەیان، بەشداری لە چەندین خولی بواری فۆتۆگرافەری کردووە و زۆر لەسەر شێوازی گرتنی وێنەی منداڵانی بچووک سێرچی کردووە و خوێندویەتی.
بەڵام وێنەگرتنی ئەو منداڵانەی لەو تەمەنەدا ئاسان نییە و دەبێت سەرەتا منداڵەکە ئارام بێت. کۆمەڵێک دەنگی موزیکی تایبەت هەیە کە دەتوانن گوێیان لێبگرن و دواتر دەتوانین وێنە بگرین.
یاسر سەگڤان باس لەوە دەکات، کە تیمەکەیان لە دوو فۆتۆگرافەر و دوو مونتێر پێکهاتووە، رۆژانە بەلایەنی کەم زیاتر لە 10 منداڵ سەردانیان دەکەن، هەندێک دایک و باوک هەن منداکەکانی خۆیان هەموو مانگێک دێنن بۆ وێنەگرتن تاوە دەبێتە ساڵێک تەمەنیان و ئەلبومێکی 11 مانگی بۆی دروست دەکرێ.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا