"هاندەران هیچیان نەکردووە"
یانەى زاخۆ: سزادانى هاندەران قبوڵ ناکەین
964
شڤان عەبدوڵا- زاخۆ
یانەى زاخۆ وێڕاى نیگەرانیان لە بڕیارى سزادانیان، دژى سزاى هاندەرانیان دەوەستنەوە، ئەندانێکى دەستەى کارگێڕى یانەکەش دەڵێت، هاندەران هیچیان نەکردووە تا سزا بدرێن و ئەوە مایەى قبوڵ نییە.
دلژار عەدنان، ئەندامی دەستەی کارگێری یانەی زاخۆ بە 964 وت،”ئەوەی هەبوو راستە شەڕ لەنێوان دەستەی کارگێری و یاریزانەکان روویدا، بەڵام هاندەران هیچیان نەکردووە جگە لە پەیامی برایەتی، ئەم سزایانە دادپەروەرانە نین و قبوڵى ناکەین”.
وتیشی،”یەکەم جاربوو یاریگەی شەعب ئەم هەژمارە زۆرە هاندەران لەخوی کۆبکاتەوە، شکانی 20 یان 30 کورسی نابێتە مایەی ئەوەی هاندەرانی هەردوو یانە سزابدرێن”.
دوای رووداوە نەخوازراوەکانی یاریی کۆتایی جامی عێراق لە نێوان دهۆك و زاخۆ، كە لە بەغدا كرا، لیژنەی تەمبێكاری لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، زنجیرەیەک سزای قورسی بەسەر هەردوو یانەی زاخۆ و دهۆکدا سەپاند.
گرنگترین سزاکان بریتی بوون لە:
سزای دارایی بە بڕی 25 ملیۆن دینار بۆ هەر یەک لە یانەکانی زاخۆ و دهۆک.
بێبەشکردنی هاندەرانی هەردوو یانە لە ئامادەبوون لە یاریگەکان (یارییەکانی خۆیان) بۆ قۆناغێکی تەواو، لە وەرزی داهاتووەوە.
سزای دارایی بە بڕی 3 ملیۆن دینار بۆ راهێنەری یانەی زاخۆ، عەبدولغەنی شەهد.
راگرتنی یاریدەدەری راهێنەری زاخۆ بۆ دوو یاری لەگەڵ سزای دارایی بە بڕی 2 ملیۆن دینار.
راگرتنی یاریزانی یانەی زاخۆ، ئەمجەد عەتوان، بۆ یەک یاری لەگەڵ سزای دارایی بە بڕی 5 ملیۆن دینار.
راگرتنی سەرپەرشتیاری یانەی دهۆک خالید موشیر بۆ دوو یاری لەگەڵ سزای دارایی بە بڕی 2 ملیۆن دینار.
چەند سزایەكی دیكەش هەبوون، لەوانە دوورخستنەوەی نەبی كەرڤان چارەسەركاری یانەی دهۆك، ئەوەی لە ئەمجەد عەتوانی دا بە شەق و بۆكس، بۆ ماوەی شەش مانگ، هەروەها غەرامەكردنی بە بڕی 5 ملیۆن دینار.
یاریی كۆتایی جامی عێراق لە 18.7.2025 لە یاریگەی شەعب لە بەغدا ئەنجام درا و یەكەمجار بوو دوو یانەی كوردستان لە یاریی كۆتایی یاریی بكەن، لە ئەنجامدا یانەی دهۆك بە لێدانە یەكلاكەرەوەكان بە 5-3 گۆڵ یارییەكەی لە زاخۆ بردەوە و بۆ یەكەمجار جامی عێراقی بەدەستهێنا، لە كۆتاییەكانی یارییەكەشدا هەندێك شەڕ و ئاژاوە لە نێوان یاریزانانی هەردوولا و هەروەها جەماوەری هەردوو یانەش روویدا.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح