"لە کاتژمێرێکدا 500 مەتر سێجا ئاو بەردەدرێتەوە"
کێشەی بەنداوی ئاوەسپی لە گەرمیان چارەسەرکرا
964+
ژێوار خدر
کێشەی تەکنیکی بەنداوی ئاوەسپی لە سنووری قەزای کفری چارەسەر کرا و دەست بە بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکە کراوە.
ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە دەرگاکانی بەنداوەکە لەکارکەوتن و بەردانەوەی ئاو وەستا، ئیدارەی گەرمیان لەسەر بودجەی تایبەتی خۆی و وەک چارەسەرێکی خێرا، لە رێگەی بەکارهێنانی بۆری تایبەتەوە کێشەکەی چارەسەر کرد.
ئەندازیار جەبار مەحمود، لێپرسراوی بەنداوەکانی گەرمیان رایگەیاند، “وەک چارەسەرێکی خێرا و لە رێگەی بۆرییەوە، توانراوە ئاوی پێویست لە بەنداوەکە بەر بدرێتەوە، بە جۆرێک لە کاتژمێرێکدا 500 مەتر سێجا ئاو بەردەدرێتەوە.”
بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکە سوودی بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان و باخ و حەوزی ماسییەکانی سنوورەکە دەبێت.