كۆتایی ئەمساڵ

دوو جۆر ئۆتۆمبێلی نوێ دێنە بازاڕی كوردستان و عێراقەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

لەگەڵ ئەوەی ئۆتۆمبێلێكی زۆر رۆژانە دەهێنرێنە بازاڕی كوردستان و عێراق و شەقامەكانیش جەنجاڵ و قەرەباڵغن، بڕیارە بەم زووانە دوو جۆرە ئۆتۆمبێلی دیكەش بخرێنە بازاڕی كوردستان و عێراقەوە، بەڕێوەبەری كۆمپانیای بریكاری ئۆتۆمبێلەكانیش لە عێراق دەڵێت، بازاڕی كوردستان و عێراق پڕە لە دەرفەتی گەورە و ئومێدبەخشە.

بڕیار وایە لە كۆتایی ئەمساڵ دوو براندی دیكەی ئۆتۆمبێل بخرێنە بازاڕەكانی كوردستان و عێراق و هاوڵاتیان دەتوانن بیكڕن و بەكاری بهێنن، ئەوانیش هەردوو ئۆتۆمبێلی “ئۆمۆدا و جیكۆ”.

ئۆتۆمبێلەكان لە لایەن كۆمپانیای چێری دروست كراون، كە لە كوردستان بە “شێری” ناسراون، كۆمپانیای جەمیل مۆتۆرز لە عێراق رێککەوتنێکی هاوبەشی لەگەڵ گرووپی چێری واژۆکردووە بۆ دابەشکردنی ئۆتۆمبێلەكان لە بازاڕی كوردستان و عێراقدا.

كەمال سوڵتان بەڕێوەبەری كۆمپانیای جەمیل مۆتۆرز لە عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە 10.8.2025 بە تۆڕی 964ی راگەیاند، بڕیار وایە كۆتایی ئەمساڵ ئۆتۆمبێلەكانی ئۆمۆدا و جیكۆ بە چەند شێوازێكی جیاواز بگەنە بازاڕەكانی كوردستان و عێراق و خەڵك تاقیبكەنەوە و ئەگەر بە دڵیان بوو بیكڕن.

وتیشی، “ئۆمۆدا و جیکۆ” گەشەیەکی خێرای جیهانی بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمەش بە دیزاینە بوێرەکانی و تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکانی و گرنگیدان بە تایبەتمەندییە جیاوازەكانی.

وتیشێ، “بازاڕی عێراق ئومێد بەخشە بۆ ئۆتۆمبێلی نوێی وزە، هەروەها دەرفەتی بەرچاو بۆ وەبەرهێنان و گەشەکردن دەڕەخسێنێت”.

كەمال سوڵتان دەڵێت، ئەو هاوبەشییە وا بە ئاسانی لەگەڵ چێری بەدەست نەهاتووە، بەڵكو دوای کێبڕکێی توندی چەند کۆمپانیایەکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هات، کە پێگەی کۆمپانیای “جەمیل مۆتۆرز” وەک هاوبەشێکی ستراتیژی لە بازاڕی ئۆتۆمبێلی عێراق و كوردستاندا پشتڕاست دەكاتەوە.

ئاماژەی بەوەش كرد، كە لە كۆتایی ئەمساڵدا كۆمپانیاكەیان دەست دەکات بە دابەشکردنی مۆدێلەکانی ئۆمۆدا C5 و C7، سەرەڕای بڕاندەکانی جیکۆ J5 و J7 و J8،  كە لە خێراترین براندە جیهانییەکانن کە گەشە دەکەن و بەشێکن لە گرووپی چێری کە چوارەم گەورەترین کۆمپانیای دروستکردنی ئۆتۆمبێلە لە چیندا.

لە پێشانگایەکی هەڵەبجە ئۆتۆمبێل بە 300 دۆلار فرۆشراوە

لە پێشانگایەکی هەڵەبجە ئۆتۆمبێل بە 300 دۆلار فرۆشراوە