وێپسایتى تۆمارکردن کاراکرا

ئەگەر بەنیازى بچیت بۆ حەج؛ لە 964ـەوە ناوى خۆت بنوسە

964+

وریا فەتاح

وێبسایتی ناو تۆمارکردن بۆ حەج کارا کرا و لەمەودوا بەشێوەى دیجیتاڵى ناوى خۆتان تۆمار بکەن.

هاوڵاتیان ساڵانە دەتوانن لە رێگای ئەم وێبسایتەوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن بەمەبەستی ئەنجامدانی فەریزەی حەج.

دوێنێ شەممە، کاروان ستوونى وتەبێژى حەج و عومرە بە 964ـى وت،” سیستەمەکە دادپەروەرى و یەکسانى بۆ هەموو هاوڵاتیان دابین دەکات بۆ ئەوەى بەشێوەى ئەلیکترۆنى ناوى خۆیان بنوسن”.

بەپێى ئەو سیستەمە بێت کە کاروان ستوونى باسى دەکات، چیتر ناونوسنى فۆرم نامێنێت و پێویست ناکات ئەوانەى خوازیارى حەجن، سەردانى هیچ شوێنێک بکەن، بەڵکو بە ئەلیکترۆنى ناوى خۆیان تۆمار دەکەن.

رێنماییە گشتییەکان
مەرج و یاساکان
هاوڵاتى دانیشتووى هەرێمى کوردستان بێت و تەمەنى لە (18) ساڵ کەمتر نەبێت، تەندروست بێت لە رووى دەروونى و جەستەییەوە.
پێویستە هاووڵاتی خاوەنی پێناسێکی دیجیتاڵی بێت، لێرە زیاتر بزانە دەربارەی پێناسی دیجیتاڵی.
هەر هاووڵاتیەک کە پێشتر حەجى کردبێت نابێت ناوى تۆمار بکات جگە لە (محرم حاجى).
هاووڵاتیانى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم کە دانیشتووى هەرێمن، بە گوێرەى کارتى زانیارى لە سنورى نیشتەجێبوونیان ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
ئەو ئافرەتانەی کە بەتەنها ناوی خۆیان تۆماردەکەن، پێویستە تەمەنیان (45) یان زیاتربێت.
ناونووسین تەنها بۆ یەک ساڵە.

بەڵگەنامە و ناسنامەی پێویست
پاسپۆرت
کارتى زانیارى
کارتى نیشتیمانى
وێنەى کەسی
بە گوێرەی جۆری داواکاری، دەکرێت بەڵگەنامەی تر پێویست بکات.

ڕێنماییەکانی تایبەت بە هاووڵاتی
پۆلێنەکانی حەج
پیاو بەتەنها: واتا پیاو بەتەنها ناوى خۆى تۆمار بکات و تەمەنی لە (18) ساڵ کەمتر نەبێت.
ئافرەت بەتەنها: واتا ئافرەت بەتەنها ناوى خۆى تۆمار بکات و تەمەنى لە (45) ساڵ کەمتر نەبێت.
ئافرەت لەگەڵ مەحرەم: واتا ئافرەتێک لەگەڵ مەحرەمى ئەبەدى (باوک، برا، هاوسەر، خاڵ، مام، باپیر، زاوا، خەزوور) ناوى خۆى تۆمار بکات.
ئافرەت لەگەڵ مەحرەمێکی حاجی: ئافرەتێک کە حەجی ئەنجام نەدابێت لەگەڵ مەحرەمێکى ئەبەدى (باوک، برا، هاوسەر، خاڵ، مام، باپیر، زاوا، خەزوور) کە حەجى ئەنجامدابێت.
سیانى: واتا دوو ئافرەت لەگەڵ مەحرەمێکى ئەبەدی (باوک، برا، هاوسەر، خاڵ، مام، باپیر، زاوا، خەزوور).
رێنماییەکانی تایبەت بە بنەماڵەی شەهیدان
زانیارییەکان
تیروپشک لە رێگەی سیستەمەوە و لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەوە ئەنجام دەدرێت.
گشت بنەماڵەی شەهیدان و ئەنفالکراوان سوودمەند دەبن لە ڕێژەیەکی تەرخانکراو بە پێی تیروپشکێکی دادپەروەرانە.
بەڵگەنامە و ناسنامەی پێویست (تایبەت بە بنەماڵەی شەهیدان)
پێویستە کە بنەماڵەی شەهید، نامەی پشتگیری لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان وەربگرێت.
رێنماییەکانی تایبەت بە مامۆستای ئایینی
زانیارییەکان
مامۆستایانی ئایینى هاوەڵى حاجییان دەبن کە کاریان رێنوێنیکردنى حاجییان دەبێت لە ڕووى ئەرکە ئایینەکان و جێبەجێ کردنى مەراسیمەکانى حەج.
مامۆستای ئایینی پێویستە ناونیشانی (پێشنوێژ و وتارخوێن یاخود پێشنوێژ) بێت.
مامۆستای ئایینی پێویستە لەسەر میلاکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بێت.
مامۆستای ئایینی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتى حەج و عومڕە هەڵدەسەنگێندرێت.
بەڵگەنامە و ناسنامەی پێویست (تایبەت بە مامۆستای ئایینی)
مامۆستای ئایینی پێویستە نامەی پشتگیری لە بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی خۆی وەربگرێت.

رێنماییەکانی تایبەت بە کۆمپانیا
زانیارییەکان
پێویستە کۆمپانیا لە بوارى حەج و عومڕە یان عومڕە کار بکات.
پێویستە کۆمپانیا ساڵیک بەسەر دامەزراندنى تێپەر بووبێت.
بەڕێوەبەرى جێبەجێکار نابێت تەمەنى زیاتر بێت لە (63) ساڵ بۆ گەشتى ئاسمانى و (60) ساڵ بۆ گەشتى وشکانى.
پێویستە کۆمپانیا سزا نەدرابێت لە ماوەى یەک ساڵى ڕابردوو تاکو ڕێکەوتى ئەنجامدانى تیروپشکەکە وە هۆشدارى کۆتایی وەرنەگرتبێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتى حەج و عومڕە.
مەرجەکانی بەشداربوون (تایبەت بە کۆمپانیا)
پێویستە کۆمپانیا خاوەنی تۆمارێکی بازرگانی کارا بێت لە سیستەمی نوێی تۆماری کۆمپانیاکان.
پێویستە کۆمپانیا ژمارەی بازرگانی بێهاوتای (UEN) بەدەست هێنابێت.
پێویستە کۆمپانیا پاکانە لە بەڕێوەبەرایەتى باجى دەرامەت بهێنێت .
پێویستە کۆمپانیا مۆڵەتی فەرمی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی وەرگرتبێت.
پێویستە کۆمپانیا هیچ پێشینەیەکی خراپی نەبێت لە خزمەتگوزاریەکانی پێشووی حەجدا.

رێنماییەکانی تایبەت بە پزیشک
زانیارییەکان
پزیشک و یاریدەدەرى پزیشک وەک لیژنەی پزیشکى هاوەڵى حاجییان دەبن لە پرۆسەى حەجدا.
پزیشک و یاریدەدەری پزیشک لە کلینیکی تایبەت بە حاجییان ئەرکی چارەسەرکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ حاجییان لەئەستۆ دەگرن.
تیروپشک لە ڕێگەی سیستەمەوە و لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەوە ئەنجام دەدرێت.
پسپۆڕییە پێویستەکانی پزیشک و یاریدەدەری پزیشک لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە دیاریدەکرێت.
بەڵگەنامە و ناسنامەی پێویست (تایبەت بە پزیشک)
پێویستە پزیشک نامەی پشتگیری لە وەزارەتی تەندروستی وەربگرێت.
پسپۆڕییەکانی پزیشک
پسپۆڕی دەرمانساز
پسپۆڕی قورگ و لووت و گوێ
پسپۆڕی هەناو
پسپۆڕی شکان
پسپۆڕی پێست
پسپۆڕی ئافرەتان
پسپۆڕی مێشک و دەمار
یاریدەدەرى پزیشک