"چیتر گومان نامێنێت"
جۆری گۆشتی بەکارهێنراو لە خواردنگەکانی زاخۆ ئاشکرا دەکرێت
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ هەندێک لە خواردنگەکانی زاخۆ گۆشتی هاوردەکراویان وەک گۆشتی خۆماڵی بە هاوڵاتییان دەفرۆشت، چاودێریی بازرگانیی زاخۆ بڕیاریاندا رێکارێکی نوێ بگرنەبەر ئەویش بە ناچار کردنی خواردنگەکان بە نوسینی جۆری ئەو گۆشتەی بەکاریدەهێنن لەسەر دیواری خواردنگەکان و هەر کەسێکیش پابەند نەبێت سزا دەدرێت.
جیاوازیی نرخ و جۆری خواردن لە خواردنگەیەکەوە بۆ خواردنگەیەکی دیکە، گومانی زۆری لای هاوڵاتییان دروستکردبوو، بۆیە ئەمڕۆ پێنجشەممە 8.7.2025، لیژنەکانی چاودێریی بازرگانی سەردانی خواردنگەکانیان کرد بۆ چاودێری کردنی بارودۆخەکە.
کۆڤان ئاڤدەل، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی زاخۆ بە 964ـی وت: “تەنیا هەڵواسینی نووسراوەکە نییە، بەڵکو لیژنەکانمان بە شێوەی کتوپڕ سەردانی خواردنگەکان دەکەن و نموونەی گۆشت بۆ پشکنین وەردەگرن، هەر ساختەکارییەک هەبێت یان پێچەوانەی ئەو زانیارییە بێت کە هەڵواسراوە، خاوەنەکەی دەدەینە دادگا و سزای مادیشی دەدەین”.
وتیشی، “چیترهیچ گومانێک لای هاوڵاتییان نامێنێت، سەیری جۆری گۆشتی خواردنگەکە دەکات و بە دڵنیاییەوە نان دەخوات بەبێ هیچ دوودڵییەک.”
پێداچوونەوە: ژێوار خدر