لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە
100 ئامێری بلوتوزی غەش کردن دەستیان بەسەرداگیرا
964+
ژێوار خدر
ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە 100 ئامێری بلوتوزی بە قاچاخ لە قەزای حلەی بابلەوە هێناوە بۆ هەولێر و بەنیازبووە، بەر لە دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوەکانی خوولی دووەمی قوتابیان ئەم ئامێرانە لە شاری هەولێر ساغیان بکاتەوە.
ئاسایشی هەولێر گرتەیەکی ڤیدیۆییشی لەگەڵ هەواڵەکە بڵاوکردووەتەوە و بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییە، ئامێرە دەستبەسەرداگیراوەکان بەشێوەیەکی زۆر شارەزایانە لەناو کارتۆن و پاکەتی بچوکدا شاردراوانەتەوە، لە ڤیدیۆکەدا چەندین ئامێری بچووک دەردەکەون، کە لە قەبارەدا لە کارتی بانکی بچوکترن و بە ئاسانی دەتوانرێت لەناو جلوبەرگدا بشاردرێنەوە.
بڕێکی زۆر لە بیستۆکی بچووک (هێدفۆن)ی بێتەلیش دەبینرێن کە قەبارەیان زۆر بچوکە و بەزەحمەت بە چاو دەبینرێن.