دوکان نییە جەبهەیە

کێشەی 25 دوکانی قۆڕیتان بە یەک تاسە چارەسەر دەبێت

+964

عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

کۆمەڵێک دوکاندار لە هەولێر حاڵیان حاڵ نییە بەدەست گەڵابە و ئۆتۆمبێلە تیژڕەوەکانەوە، دوکاندارەکان هانایان بۆ 964 هێناوە و دەڵێن چارەیەکمان لێ بکەن، هەموو کێشەکەی ئێمەش بەیەک تاسە حەل دەبێت.

ئەم ریزە دوکانە 25 دوکانن، دەکەونە گوندی قۆڕیتان، شەقامی سەرەکی هەولێر مەخمور لە پێشیانە، ئەو بەشەی شەقامەکە زۆر لێژە و ئۆتۆمبێلەکان تا تاقەتیان هەیە پێی لێدەنێن و جارجارەش ئۆتۆمبێل خۆی دەکات بە ناو دوکانەکاندا.

چەند دوکاندارێک وتیان، چارەکەی زۆر ئاسانە، ئەگەر یەک تاسەی کۆنکرێتی دروست بکەن، ئەو مەترسییەیان لەسەر نامێنێت.

ئیسماعیل سورچی، یەکێکە لە دوکاندارەکان، قسەی بۆ مایکی 964 کرد و وتی، “کاکە لێرە قەلاب زۆر بەخێرایی دەڕوا حساب لۆ ئەو ریزە دوکانەی ناکا، ئەگەر تاسەکی سەببە (کۆنکریت) لێرە دابنێن، ئەوجا خەڵک هێواش دەکاتەوە.”

ئیسماعیل دەیوت خۆیشی خەریک بووە ئۆتۆمبێلێک بیکات بە ژێرەوە.

لوقمان حەبیب دراوسێ دوکانەکەی قسەکەی لێ وەرگرتەوە و وتی من هاوارم لێ نەکردایە تیا دەچوو.

هەر دوای ئەم قسانە 964 کەوتە شوێن چارەسەری کێشەکەیان، دیلان عەبدوڵا بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتوچۆی هەولێر بە964ی وت ”با ئەوان داواکارییەکی فەرمی بنووسن چی پێویست بێت بۆیان ئەنجام دەدەیت”.

چەند رۆژی داهاتوو پەیامنێری 964 دەچێتەوە ئەو دەوروبەرە بزانێت هیچی تازە کراوە.

دوکاندارانی بازاڕی شێخەڵای هەولێر گردبوونەوە

دوکاندارانی بازاڕی شێخەڵای هەولێر گردبوونەوە