لێكۆڵینهوهیهكى نێودهوڵهتى: خهریكه زهوى دهخنكێت
ساڵانه بههۆى ههورهبرووسكهوه 320 ملیۆن درەخت لەناودهچن
964+
فهرهاد حهسهن
بەپێی لێكۆڵینەوەیهكی نێودهوڵهتى ساڵانە لە سهر ئاستی جیهاندا بههۆى هەورەبروسكەوه 320 ملیۆن درەخت لەناودەچن، پێشتر لهناوچوونى درهختهكان بهوشێوه زۆر نهبووه كە لەلایەن ئاژانسە تایبەتمەندە نێودەوڵەتییەكان بڵاودەكرایەوە.
لێكۆڵینەوەكە باس لە مەترسییەكانی گۆڕانكاری كەشوهەوا، گەرمبوونی زەوی، توانەوەی بەفری بەستەڵەكەكان و زۆربونی شێ كراوە، بەجۆرێك ئەگەر رێگری لە پیسبونی ژینگە و بەرزبوونەوەی رێژەی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لە بەرگەهەوای زەویدا نەكرێت، ئەوا ژمارەی ساڵانەی هەورەبروسكەكان زیاتر دەبن كە لەچەند دەیەی داهاتوودا ژمارەی درەختە لەناوچووەكانیش زیاتردەكات.
مامۆستایەكى زانكۆی تەكنەلۆجی میونشنی ئەڵمانیا بهناوى ئەندریاس كراوس، بهشدارى لهو لێكۆڵینەوەكەدا كردووە، دەڵێت ئێستا بەهۆی زیرەكی دەستكرد و پێشكەوتنی ئامێرە تەكنەلۆجییەكان، ئەو ئامارەمان بەدەست دەگات كە ساڵانە هەورەبروسكە چەند درەخت لەناودەبات، تەنانەت ئەو ناوچانەمان بۆ دیاریدەكات كە زۆرترین درەختی بەهۆی هەورەبروسكەوە لەناودەچن.
ههر بهپێی ڵێكۆڵینەوەكە، ساڵانە درەختە سوتاوەكان نزیكەی یەك ملیار تۆن دووەم ئۆكسیدی كاربۆن دەخەنە بەرگەهەوای زەوییەوە، ئەوەش هەمان رێژەیە كە ساڵانە بەتەنیا ژاپۆن بەهۆی پیشەسازییە جۆراوجۆرەكانیەوە دەیخاتە بەرگەهەواوی زەوییەوە، هەروەکو گۆڤاری گڵوباڵ چێنچ بيولوجى دەرەئەنجامەکەی بڵاوکردووەتەوە.
كراوس دەڵێت، ناوچە كەمەربەندییەكان، بەتایبەتی لە كیشوەری ئەفریقا زۆرترین درەختیان بەهۆی هەورەبروسكەوە لەناودەچن، لە چەند دەیەی داهاتوشدا مەترسییەكان بۆ سەر درەختەكانی باكوری زەوی زیاتر دەكات.
ئاژانس و دامەزراوە ژینگییەكانی جیهانی لە مەترسییەكانی هەورەبروسكە ئاگادار دهكرێنهوه، كه ئەو مەترسیەی كە هەموان پشتگوێیان خستووە و بەهێمنی دەستی ناوهته بینهقاقاى زەویهوە و خهریكه دهیخنكێنێت.