دیمهنى خۆپیشاندانێكی لایهنگرانى حهشدى شهعبی كه پهیمانگاى واشنتۆن لهگهڵ راپۆرتهكهى بڵاویكردووهتهوه.
راپۆرتێكی پهیمانگاى واشنتۆن
ئهمریكا حەوت بژاردەى قورسى لهبهردهمدایه بۆ مامەڵەکردن لەسەر تێپەڕاندنى پڕۆژە یاساى حەشدى شەعبى
964+
فهرهاد حهسهن
بهپێی راپۆرتێكی پهیمانگاى واشنتۆن بۆ بۆ سیاسەتى رۆژههڵاتى نزیك، ئهمریكا بهتوندی مامهڵه لهگهڵ عێراق دهكات لە ئەگەرى سوربوون لەسەر تێپەڕاندنى پڕۆژە یاساى حەشدى شەعبى و بۆ ئهم مهبهستهش حهوت بژاردهى لهبهردهمدایه .
بژاردەی یەکەم: رەنگە هێزەکانی ئەمەریکا پڕۆسەى کشانەوە خێرا بکەن، کە بەپێی ڕێککەوتنى لەگەڵ بەغداد، بڕیارە تا مانگی ئەیلولی داهاتوو سەدان سەربازى بکشێنەوە و ئەوەی دەمێنێتەوە تا کۆتایی ساڵی 2026 بکشێنەوە، لەکاتێکدا کە گروپەکانى حەشدى شەعبى هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن ئەگەر تا کۆتایی مانگی داهاتوو نەکشێنەوە، بەو هۆیەشەوە رەنگە ئێستا کاتی ئەوە بێت کە ڕێگە بە عێراق بدرێت بەرگری لە خۆی بکات.
بەپێی راپۆرتەکە، بژاردەی دووەم، خۆى دەبینێتەوە لە ئاشکراکردنى زانیاری هەواڵگری سەبارەت بەو هێرشانەی ئەم دواییە هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج، بەتایبەتی هێرشە درۆنییەکان، ئەگەر واشنتۆن زانیاری هەواڵگری هەبێت کە تێوەگلانی هێزەکانی حەشدى شەعبى لەو هێرشانەدا پشتڕاست بکاتەوە.
بژاردەی سێیەم بریتییە لە، قبوڵکردنی بانگهێشتکردنى سودانی بۆ سەردانی واشنتۆن بەم زووانە، بۆ دەستەبەرکردنی رەزامەندی ئەمەریکا پێش هەڵبژاردنەکانی کۆتایی ئەمساڵ، هەرچەندە واشنتۆن بە شێوەیەکی ئاسایی میوانداری هیچ سەرۆک وەزیرانێکی عێراق ناکات لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا و سەرۆک وەزیرانی ئێستاش لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە پشتیوانى دەکرێت کە ئەمەریکییەکان دەکوژن.
بژاردەی چوارەم، دەرکردنی هۆشدارییە لە وەزارەتی دەرەوە سەبارەت بە پڕۆژە بازرگانییەکان لە کاتێکدا کە سودانی ئاماژە بەوە دەکات کە بە دوای زیادکردنی وەبەرهێنانی ئەمەریکییە لە کەرتی وزەی عێراقدا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی وەزارەتی دەرەوە رەنگە بیەوێت هۆشدارییەکی راستەوخۆ بۆ کۆمپانیاکان دەربکات کە وریاییەکی زۆریان هەبێت لەکاتی کارکردن لە عێراق.
بژاردەی پێنجەم بریتییە لە لێپرسینەوە لە لایەنە سیاسییەکان، لەکاتێکدا موقتەدا سەدر دژی یاسای حەشدى شەعبییە، بەڵام بەهۆی نەبوونی فراکسیۆنەکەى لە پەرلەمان قسەی نابێت لە پرۆسەی دەنگدان. بەڵام رەنگە لایەنە کوردستانییەکان قسەیان هەبێت.
بژاردەی شەشەم، بەنێودەوڵەتیکردنى پرسەکەیە، بەو پێیەى واشنتۆن تاکە پایتەخت نییە کە لە پشتگیریکردنی حکومەتی عێراق بۆ گروپە سەر بە ئێران توڕهیە. لەکاتێکدا ئەو گروپانە تێوەگلاون لەچەندین هێرشی بۆ سەر کوەیت و سعودیە و سەروەرى سوریایان پێشێلکردووە و هەڕەشەیان لە ئوردن کردووە.
بژاردەی حەوتەم و کۆتایی، “دەتوانرێت عێراق بە فەرمی وەک سپۆنسەرێکی نێودەوڵەتی بۆ تیرۆر دەستنیشان بکرێت”. بەڵام هەنگاوێکی لەو شێوەیە هاوشێوەى “بژاردەی ئەتۆمی” یە و ئەگەر هەیە کاردانەوەی پێچەوانەى هەبێت و عێراق بەتەواوى بخاتە بەرەى ئێرانەوە، بۆیە رەنگە هەنگاوێکی لەو شێوەیە پێویست نەبێت.
بەپێی راپۆرتەکە، مامەڵەى واشنتن بەرامبەر بە لایەنە کوردییەکان و کوتلە سیاسییەکانی دیکە دەبێت لەسەر بنەماى چۆنیەتی دەنگدانیان بە یاسای حەشدى شەعبى بێت.