6 کەس لە بوومەلەرزەکەی شەوی رابردووی تورکیا گیانیان لەدەستدا

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

شەوی رابردوو لە تورکیا دوو بومەلەرزە لە هاتای روویاندا، یەکێکیان بە گوڕی 6.4 و ئەوەی دیکەیان بە گوڕی 5.8 پلەی رێختەر پارێزگاکەیان هەژاند و بەوهۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەستدا و 294 کەسی دیکەش بریندار بوون.

سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، دوای بومەلەرزە نوێیەکان، هەشت کەس، لە ناوچەکانی سامانداغ، دیفنێ، غازی عەنتاب گیانیان لەدەستداوە و 294 کەسی دیکەش برینداربوون.

دەزگای بەڕێوەبردنی كاره‌سات و باری له‌ناكاو (ئافاد) دەڵێت، بوومەلەرزەی یەکەم کاتژمێر 8:04 خولەکی شەو بە گوڕی 6.4 پلەی رێختەر و بە قوڵایی 16.7 روویداوە و قەزای دێفنێی گرتووەتەوە.

پاش سێ خولەک بوومەلەرزیەکی دیکە بە گوڕی 5.8 پلەی رێختەر و بە قوڵایی حەوت کیلۆمەتر ناوچەی سامانداغی لە هاتای هەژاند، ئافاد وا دەڵێت.

جگە لە پارێزگای هاتای، بوومەلەرزەکان لە 10 پارێزگای دیکەش هەستیان پێکراوە و بەشێک لە خەڵکی سوریا و رۆژئاوای کوردستانیش لە ترسی بوومەلەرزە لەسەر شەقامەکان رۆژیان کردەوە.

هەروەها بوومەلەرزەکان لە میسر، لوبنان، هەرێمی کوردستان، فەلەستین و ئوردن هەستیان پێکراوە.

فوئات ئۆکتای جێگری سەرۆک کۆمار رایگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە 27 پاشەلەرزە روویانداوە.

بەپێی ئامارەکانی ئافاد، لە بوومەلەرزەکەی رۆژی 6ی شوبات لە باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا لانیکەم 41 هەزار و 156 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.