یاریزانێكی نێودەوڵەتی بوو

وەرزشوان و كۆمێنتارێكی بەناوبانگی عێراق گیانی لەدەست دا

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

شدراك یوسف یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق و پێشكەشكار و كۆمێنتاری وەرزشی ئەمڕۆ سێشەممە بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەست دا.

ئاژانسی دەنگوباسی عێراق هەواڵەكەی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەدا، شدراك یوسف دوای ململانێ لەگەڵ نەخۆشی دواجار ئەمڕۆ سێشەممە 5.8.2025 گیانی سپارد.

شدراك یوسف یاریزانی پێشووی نێودەوڵەتی، لە ساڵی 1972 لە كۆتاییەكانی جامی ئاسیا یاری بۆ هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق کردووە، هەروەها لە نێوان ساڵانی 1965 بۆ 1973 یاری بۆ هەڵبژاردەی عێراق كردووە.

لە ساڵانی 1964 و 1966 نازناوی جامی عەرەبی بردووەتەوە، كە هەر لە 1966 نازناوی باشترین یاریزانی پاڵەوانیەتییەكەی بەدەستهێنا،  كە یاریزانی هێڵی ناوەڕاست بوو.

دواتر بڕیاری دا دوای پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 1974 واز لە یاریی نێودەوڵەتی بهێنێت.

شدراك یوسف بەشداری 31 یاریی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق کردووە، دوو گۆڵی تۆمار کردووە، جگە لەوە لەگەڵ هەڵبژاردەی سەربازیی عێراق لە ساڵی 1972 نازناوی جامی جیهانی سەربازیی بەدەستهێنا.

ئەو وەرزشوانە عێراقییە لە ساڵی 1975 بە بڕیارێكی چاوەڕواننەكراو بە یەكجاری وازی لە یاریکردن هێنا و رووی لە دنیای مەشق و راهێنەرایەتی كرد و سەرپەرشتی مەشق و راهێنانی چەند تیپێکی کردووە، لەوانە هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئافرەتانی عێراق، بەڵام سەرەتای ساڵی 1979 وازی لە راهێنەرایەتییش هێنا و بووە میدیاكار و كۆمێنتاری وەرزشی لە تەلەڤزیۆنی عێراق و ناوبانگێكی زۆری پەیدا كرد.

شدراك یوسف لەم ساڵانەی دوایی بەهۆی نەخۆشییەوە دەیناڵاند و دواجار ئەمڕۆ لە تەمەنی 83 ساڵی گیانی سپارد.

کچێکی گەنج لە ئاهەنگی بردنەوەی هەڵبژاردەی عێراق گیانی ...

کچێکی گەنج لە ئاهەنگی بردنەوەی هەڵبژاردەی عێراق گیانی لە دەست دا