هاوڵاتیان بێزار بوون
بۆنە ناخۆشەکەى پەنجا عەلى بە لیژنەیەک سپێردرا
964+
کاروان ساڵحى- کەرکوک
پارێزگاری کەرکوک لیژنەیەکی پسپۆڕی بۆ لێکۆڵینەوە لەو بۆنە ناخۆشەی ماوەیەکە بەشێک لە گەڕەکەکانی شارەکەی گرتووەتەوە، پێکهێنا و لیژنەکە دوو هەفتە مۆڵەتی لەبەردەمدایە بۆ تەواوکردنی کارەکانی و پێشکەشکردنی راپۆرتی کۆتایی.
گەڕەکى پەنجا عەلى پشکى شێرى بۆنەکەى بەردەکەوێت و دانیشتوانەکەى هەراسان کردووە، بەوتەى جەبار ئیبراهیم کە دانیشتویەکى گەڕەکەکەیە بە 964ـى وت،”حکومەت مەبەستى بێت چارەسەرى دەکات، چونکە هەمووى نەخۆشییە و ساڵانێکە ئەو بۆنە هەیە”.
ئەندازیار جیهان ئیبراهیم، یاریدەدەری پارێزگاری کەرکوک بۆ کاروباری خزمەتگوزاری و گەشەپێدان، بە 964ـە راگەیاند، “ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێش کۆتایی هاتنی دەوامی فەرمی، ناوی ئەندامانی لیژنەکە بڵاوکرایەوە کە لەلایەن بەندەوە سەرپەرشتی دەکرێت.”
لیژنەکە لە 10 نوێنەری دامودەزگا حکومییەکان پێکدێت، لەنێویاندا نوێنەری هەردوو کۆمپانیای نەوتی باکور و غازی باکور هەیە.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو، دوای ئەوەی سەرجەم لایەنەکان نوێنەری خۆیان دەستنیشان دەکەن، یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەکە ئەنجام بدرێت و دەستبکرێت بە گەڕان و پشکنین لە گەڕەکەکانی پەنجا عەلی و رزگاری کە بۆنە ناخۆشەکەیان بەشێوەیەکی بەربڵاو تێدا هەستی پێدەکرێت.
بەپێی نووسراوی فەرمی، لیژنەکە دەبێت لە ماوەی 15 رۆژدا بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانی تەواو بکات و راپۆرتی خۆی بۆ پارێزگار بەرز بکاتەوە.
هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە کە لیژنەکە سەردانی سنووری کێڵگەی نەوتی جەبەل بۆر و ئەو کارگانەی قیریش دەکات کە نزیکن لەو گەڕەکانەی بۆنەکەیان تێدا بڵاوبووەتەوە.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح