لە ناو تونێل گیانی لەدەستدابوو
دوای سێ کاتژمێر پزیشک ھاتە پزیشکی دادی دەربەندیخان بۆ بەڕێکردنی تەرمی گەنجێک
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
کەسوکاری ئەو گەنجەی ئێوارەی ئەمڕۆ بە رووداوی ھاتوچۆ لە تونێلی دەربەندیخان گیانی لەدەست دا، نزیکەی سێ کاتژمێر لەبەردەم پزیشکی دادی دەربەندیخان بوون بەھۆی نەبوونی پزیشکەوە، تا ئەوکاتەی لە سلێمانییەوە پزیشک ھات.
سلێمان محەمەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە 964ى وت، “یەک پزیشکی دادی ھەیە، ئەویش دانیشتووی پارێزگای سلێمانییە، رۆژانە دوای تەواوبوونی دەوامەکەی دەڕواتەوە سلێمانی”.
“کەسوکاری ئەو گەنجەی ئەمڕۆ گیانی لەدەست دا، نزیکەی سێ کاتژمێر لەبەردەم پزیشکی دادی دەربەندیخان بوون لە چاوەڕوانی ھاتنی پزیشک لە سلێمانییەوە”، سلێمان محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەمە جێگای قبوڵ نییە و پێمان وتون لە ھەفتەی داھاتووەوە چارەسەری ئەو گرفتە بکەن، کەسێک وەک جێگری پزیشکی دادوەری دابنرێت بۆ ئەو حاڵەتانەی کە گومان لە مردنەکەیان نییە”.
سلێمان محەمەد وتیشی،”دوای ئەو ماوەیە پزیشکی دادوەری ھات و تەرمی گەنجەکەش درایەوە بە کەسوکاری”.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە رووداوێكی هاتوچۆدا لە تونێلی دەربەندیخان، ماتۆڕسوارێك دوای ئەوەی خۆی بە دوو ئۆتۆمبێلدا كێشا، گیانی لەدەست دا، كە هاوڵاتییەكی 30 ساڵانە و خەڵكی گوندێكی لای ناحیەی باوەنوورە، كە بۆ كاركردن لە كۆمپانیایەك لەو ناوچەیەدا بووە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا