نەمامگەیەكی جیاواز لە هەولێر
داری وشک دووبارە بەکاردێتەوە و جوانكارییان بۆ دەكرێت و ناناسرێنەوە
+964
دەشتی عارف ـ هەولێر
نەمامگەیەک لە هەولێر، ئەو دارانەی وشک بوونەتەوە بە شێوازێكی نوێ لە نەمامگەکەی جوانکارییان بۆ دەكەن و وەک دارێکی راستی دەردەکەون و بە نرخێكی باشیش دەیانفرۆشن.
مونزیر سوڵتان، سەرپەرشتیاری نەمامگەی گرین لاین لە هەولێر، قسەی بۆ 964 كرد و وتی، “دارەکان لە دەرەوە هاوردە دەکەین و لێرە جوانکارییان بۆ دەکەین، کارکردنیش لەسەر ئەم جۆرە دارانە کاتێکی زۆری پێویستە و هەندێکیانیش تا نۆ رۆژیش خەریکی دەبین”.
وەك لەو ڤیدیۆیانەی 964 لە نەمامگەكە تۆماری كردوون، داری جۆراوجۆری وەك زەیتوون و گوێز و دەیان جۆری دیكە دووبارە بەكارهێنراون و جوانكارییان بۆ كراوە.
سەبارەت بە نرخەکانیش، مونزیر دەڵێت، “چونکە دارەکان لە دەرەوە هاوردە دەکەین و کاری دەستی زۆری تێدایە، نرخەکان لە 70 دۆلارە دەستپێدەکات تا پێنج هەزار دۆلاری تێدایە”.
لەناو نەمامگەکە کارگەیەکی بچوک دانراوە بۆ دروستکردنی ئەو مەركانە و ئەو ماددانەی لە جوانكاریی دارەكان بەكاردەهێنرێن، جیا لەوانەش چەندین جۆری دیکەی داری سروشتی لەناو نەمامگەکەدا هەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا