دادگاى فیدراڵى پرسه‌كه‌ى یەکلاکردەوە

پێدانى پاسپۆرتى دیبلۆماسی بە بەرپرسانى عێراق و هەرێم و خێزانەکانیان وه‌كو خۆى مایه‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق سکاڵایه‌كی تایبەت بە داواکردنى هەڵوەشاندنەوەى پێدانى پاسپۆرتى دیبلۆماسی بە بەرپرسان و خێزانەکانیان رەتکردەوە، ئەوەش دواى نزیکەى چوار مانگ لە بڕیارێکى پێشووى بۆ راگرتنى کارکردن بە هەموارەکە.

دادگاکە، ئه‌مڕۆ پێنج شەممە سکاڵایەکى تاوتوێکرد کە تێیدا داواکرابوو هەموارى یاساى پاسپۆرت لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە بە نادەستورى دابنرێت، بەڵام دادگا بڕیاریدا سکاڵاکە رەتبکاتەوە بەهۆکارى ئەوەى “سکاڵاکار مەرجى پێویستى لەبارەى بوونى بەرژەوەندى لە بەرزکردنەوەى سکاڵاکە نەخستووەتەڕوو”.

بەپێی هەمواری یاساى پاسپۆرت، سەرۆکى حکومەت لە عێراق و هەرێم، وەزیرەکان و پەرلەمانتاران و بەرپرسانى دەوڵەت کە پلەیان وەزیرە لە عێراق و هەرێمى کوردستان، بۆ هەمیشەیی لەگەڵ خێزانەکانیان دەبنە خاوەنى پاسپۆرتی دیبلۆماسی.

پێشتریش دادگاكه‌ لە نیسانى ئەمساڵدا کارکردنى هەمواری یاساى پاسپۆرتی راگرت، تا ئەو کاتەى بڕیارى کۆتایی لەسەر دەدات.

پاسپۆرتى دیبلۆماسی لە عێراق بە “پاسپۆرتی سوور” ناودەبرێت، پێشتر بەشێک لە پەرلەمانتاران رەخنەى توندیان گرتبوو لە پێدانى بە لێشاوى پاسپۆرتەکە بەکەسانێک کە شایستەى نین، ساڵی 2023 ش لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانى عێراق ئاشکرایکرد، 32 هەزار پاسپۆرتی دیبلۆماسی دەرکراوە، کە 10 هەزاریان  دیبلۆماتکار و فەرمانبەری وەزارەتی دەرەوە نەبوون.

هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی پێوەرەکانی ریزبەندی پاسپۆرت لەسەر ئاستى جیهانى، پاسپۆرتى عێراقى لەناو ریزبەندى 10 لاوازترین پاسپۆرتدایە، به‌ڵام دیبلۆماسییه‌كه‌ى چەندین ئیمتیاز بە هەڵگرانى دەبەخشێت، لەوانە تێپەڕبوون لە فڕۆکەخانەکان لە رێگەی دەروازەی  VIP، چوونە ژوورەوەی بێ ڤیزە بۆ هەندێک وڵات و لێخۆشبوون لە باج لەسەر هەندێک کاڵا.

لە ئەنتالیا گەورەترین کۆڕبەندی دیبلۆماسی بەڕێوە دەچێت...

لە ئەنتالیا گەورەترین کۆڕبەندی دیبلۆماسی بەڕێوە دەچێت.. سەرۆکی هەرێم لەوێیە

پاسپۆرتی گەرمیان ئاگاداری کوردانی تاراوگە دەکاتەوە 

پاسپۆرتی گەرمیان ئاگاداری کوردانی تاراوگە دەکاتەوە