بەرپرسانی هەڵەبجە هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوە دەکەن

964+

محەمەد عومەر – هەڵەبجە

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە پێشنیاری ئەوە دەکات تا 15.3.2023 وەڵامی داواکارییەکانی خەڵکی هەڵەبجە نەدرێتەوە سەرجەم لایەنە ئیدارییەکان دەست لە کاربکێشنەوە.

هاوڵاتیانی هەڵەبجە داوای دامەزراندنی ئەنجومەنی پارێزگاکە و هەروەها زیادکردنی میلاکات بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگاکە و ناساندنی هەڵەبجە بە پایتەختی ئاشتی و چەندین داواکاری دیکە دەکەن.

کاوە شێخ عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە تۆڕی964ی راگەیاند، داوکاری خەڵکی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان زۆر روون و دیارە، پاش ئەوەی لە ساڵی 2021 وە بە نوێنەرایەتی هەڵەبجە چوونەتە پەرلەمان، پێداویستەکانیان بە 17 خاڵ پێشکەشی لایەنی پەیوەندار کردووە، کە دیارترینیان بریتیبوون لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی دەرچوون بۆ پارێزگای هەڵەبجە، کە تا ئێستا جێبەجێ نەکراون.

وتیشی، دیارترین داواکارییەکان، بڕیاری ژمارە یەکی پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە لە سالی 2015 و بڕیاری ژمارە 43ی پایتەختی ئاشتی و هەروەها دابینکردنی میلاک بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان.

پارێزگای هەڵەبجە پێویستی بە دامەزراندنی 750 بۆ هەزار فەرمانبەر هەیە بۆ بەڕێوبەرایەتییەکان، هەروەها 35 فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتی گرنگ هەن، کە تا ئێستا نەکراونەتەوە، دیارترینیان بەڕێوەبەرایەتی گومرگە.

لە بارەی پێشنیاری دەستلەکارکێشانەوەکەوە، کاوە شێخ عەلی دەڵێت “پێشنیار دەکەم کەموکورتییەکان و داواکارییەکان جێبەجێ نەکرێت، پارێزگار و جێگرەکەی، قایمقام و 50 بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەری ناحیە بەیەکەوە دەست لەکاربکێشنەوە و تا ئێستاش دوو بەڕێوەبەر ئامادەییان پێشانداوە”.

13.3.2014 بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجە درا، بەڵام ئەوە نۆ ساڵە تا ئێستا کێشە و کەموکوڕییەکانی ئەو پارێزگایە بەوتەی بەرپرسانی شارەکە چارەسەر نەکراوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی