“نامۆ” بە سەد خۆزگە بێدەنگی دەشکێنێت

+964
پەرستۆ ساڵح
هونەرمەندی گۆرانیبێژ نامۆ، كه‌ هه‌وادارانی نازناوی “پاشای هەستەکان”ـیان پێداوه‌، پاش زیاتر لە ساڵێک بێدەنگی، بە گۆرانییە رۆمانسییەکانی دەگەڕێتەوە.

بە بەراورد بە سێ ساڵی رابردوو، نامۆ بەرهەم و کلیپە هونەریەکانی زۆر کەم بووە، دوايین کلیپیشی بە ناوی “گوڵەکەم” بوو، كه‌ لە مانگی کۆتایی 2021 بڵاوکرایه‌وه‌، بەڵام بۆ ئەمساڵ بە کلیپێکی نوێ بە ناوی “سەد خۆزگە” بڕیارە بگەڕێتەوە و چەند بەرهەمێکی دیکەش بڵاوبکاتەوە.

نامۆ بۆ تۆڕی 964 وتی “بەهۆی چەند هۆکارێکه‌وه‌ دابڕابووم، یەک لەوانە حەزم بە بازاڕی موزیکی کوردی نەماوه‌، هەرچەندە ئێستاش بە خواستی من نییە، بێگومان گۆرانییەکانم هاوشێوەی جاران رۆمانسی و خۆشەویستی دەبن، بەڵام وشەکان کەمێک رەقترن”.

نامۆ جگە لە کەمکردنەوەی بەرهەمەکانی لەم ساڵانەی کۆتاییدا، هیچ ئاهەنگ و لایڤ موزیکی نەبووە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاشكرای ده‌كات، چه‌ند جارێک هەوڵیداوە کۆنسێرت ئەنجامبدات، بەڵام بۆی نەڕەخساوە.
نامۆ بۆ تۆڕی 964 باسی لەوە کرد، حەز بە لایڤ موزیک ناکات، چونکە گۆرانی بۆ کەسانێک دەڵێت کە هاتوون جەوی خۆیان بگۆڕن، نەک گوێ لە هونەرمەندەکە بگرن و پێیوایە “گۆرانبێژ له‌ لایڤ میوزیكدا بێرێزی بە خۆی دەکات”.

نامۆ ته‌مه‌نی 40 ساڵه‌ و خەڵکی شاری مه‌هابادی رۆژهەڵاتی کوردستانە، لە ساڵی 2006 دەستی بە کاری هونەری کردووە، جگە لە گۆرانی وتن، خاوەنی ستۆدیۆیە و كاری ئاواز و موزیکی بۆ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی دیكه‌ش كردووه‌.