زانكۆی بەغدا
كۆلیژێكیان بۆ كردەوە
لە دوای كوردستان، عێراقیش بڕیارێكی هاوشێوەی دا سەبارەت بە ژیریی دەستكرد
964+
محەمەد فاتیح
لە دوای زانكۆی سەڵاحەدین لە هەولێر، وەزیری خوێندنی باڵای عێراق بڕیاری دا، لە زانكۆی بەغداش وانەی ژیريی دەستكرد بخوێندرێت.
دكتۆر نەعیم عبودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق، لە نووسراوێكدا، كە دەست 964 كەوتووە، بڕیاری دا كۆلێژی ژیریی دەستكرد لە زانكۆی بەغدا زیاد بكرێت.
بڕیارەكە لەمساڵی خوێندنەوە (2025-2026)، دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و زانكۆی بەغداش، هەموو پێداویستییە ماددی و مرۆیی و ئیدارییەكانی بۆ ئامادە دەكات.
پێشتر سامان عەبدوڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین، تایبەت بۆ 964ـی ئاشكرا كرد، دوابەدوای چەندین کۆبوونەوە، زانکۆی سەڵاحەدین بڕیاری دا، وانەی ژیریی دەستکرد لە سەرجەم بەشە زانستی و وێژەییەکانی زانکۆكه دابنێت و وەک هەر وانەیەکی تر تاقیکردنەوەی میدتێرم و کۆتایی و راپۆرت و ئەسایمێنت و پرێزنتەیشن و کویزی دەبێت و زمانی خوێندن بەو زمانە دەبێت، کە لەوبەشە وانەکانی تری پێدەخوێندرێت.