تەلەفریکێک بە درێژایی 11 کیلۆمەتر دروست دەکرێت
ماستەرپلانی گەشتیاری نوێی سۆران چووە بواری جێبەجێکردنەوە
964+
ئاکام غەفور – سۆران
دەست بە جێبەجێکردنی ماستەپلانی نوێی گەشتیاری لە سنووری ئیدارەی سۆران کرا و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆرانیش دەڵێت، “کەرتی گەشتیاری دەچێتە قۆناغێکی زۆر باشتر”
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە 964ـی وت، بەشی یەکەمی ماستەرپلانی گەشتیاری، هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگ، چیای باپشتیان و بێخاڵ لەخۆدەگرێت، جگەلەوەی گەلی عەلی بەگ دیزانێکی نوێی بۆ دەکرێت، بە درێژایی 11 کیلۆمەتریش تەلەفریکێک دروست دەکرێت کە خاڵی سەرەتای لەلای قەپان دەستپیدەکات دێتەوە تاڤگەی گەلی عەلی بەگ و دەچێتە چیای باپشتیان و گۆڕەز و لەوێشەوە بۆ بێخاڵ و شنگلبانە و لەگەڵ چیای کۆڕەک خۆی لێکدەداتەوە، گەشتیاران دەتوانن جوانتر دیمەنی سروشتی ناوچەکە ببینن.
وتیشی، لە قۆناغی دووەمدا ناوچەکانی دیکەی باڵەکایەتی، سیدەکان، دۆڵی ئالانە و دۆڵی ئاکۆیان دەگرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین بەشێوەیەکی باشتر سوود لە کەرتی گەشتیاری وەربگرین.
سەبارەت بەو خاوەن رێستۆرانتانەی کە لە هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگ بەهۆی پڕۆژە و دیزاینە نوێکەوە شوێنەکانیان تێکدراوە، هەڵگورد شێخ نەجیب وتی، لە دیزاینی نوێدا شوێنی هەموو ریستۆرانتەکان کراوەتەوە و هەموو خاوەنەکانیش قەرەبوو دەکرێنەوە و هەر کەسێک بیەوێت بە میکانیزمێکی نوێ و بەشێوەیەکی جیاوازتر، رێستۆرانتەکەی پێدەدرێتەوە، بەڵام بە ئیدارەیەکی نوێ بۆ ئەوەی بتوانین بەشێوەیەکی باشتر پێشوازی لە گەشتیاران بکەین.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر