قاسم ئەعرەجى لەگەڵ وەزیرى ناوخۆى هەرێم
لێکۆڵینەوە دەکەن
هێرشى درۆنەکان، راوێژکارى ئاسایشى نیشتمانى عێراقیان هێنایە هەولێر
964+
وریا فەتاح
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای ئەمنی لە بەغداوە گەیشتە شاری هەولێر و لەلایەن رێبەر ئەحمەد وەزیرى ناوخۆى هەرێم، پێشوازیان لێکرا.
شاندەکە پێکهاتووە لە نوێنەرانی حەشدی شەعبی، دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی، بەڕێوەبەری هەواڵگریی دژەتیرۆر.
سەردانى شاندەکە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونە بۆ هێرشە دووبارەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لەم دواییانەدا ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج.
سەردانەکە هاوکاتە لەگەڵ راگەیاندنی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو لە ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر.
جێی ئاماژەیە، بەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی هەولێر و کەرکوک دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە شوێنی جیاوازدا کەوتنە خوارەوە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە.
دەزگای دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە یەکێک لە درۆنە بۆمبڕێژکراوەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناحیەی رزگاری کەوتووەتە خوارەوە.
لەلایەکی دیکەوە، پەیامنێری تۆڕی 964 لە پارێزگای کەرکوک پشتڕاستی کردەوە کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە کاتێکی زووی بەیانی ئەمڕۆدا لە گوندی هیاوەى سەر بە قەزای حەویجە کەوتووەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە.