"تا کۆتایی 2026 دەگاتە هەموو هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان"

ساڵێک بەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەی رووناکیدا تێپەڕی

964+

ژێوار خدر

ساڵێک لەمەوبەر، بە کوژاندنەوەی یەکەم مۆلیدە، پڕۆژەی رووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوام دەستیپێکرد، ئێستا وەزارەتی کارەبا رایدەگەیەنێت، کە پڕۆژەکە گەیشتووەتە سەرجەم پارێزگاکانی کوردستان.

ئامانجی پڕۆژەی رووناکی ئەوەیە کە تا لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرجەم هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان، کارەبای 24 کاتژمێرییان هەبێت و بە یەکجاری ماڵئاوایی لە سیستمی مۆلیدەی ئەهلی بکرێت.

وەزارەتی کارەبا ئەمڕۆ یەکشەممە 27.7.2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک پۆستێکی کردووە و نوسیویەتی، ساڵێک لەمەوبەر یەکەم مۆلیدەی ئەهلی کوژێندرایەوە و کارەبای 24 کاتژمێری بۆ یەکەم گەڕەک لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکی لە شاری هەولێر جێبەجێکرا.

دەشڵێت، ئێستا پڕۆژەکە گەیشتووەتە سەرجەم پارێزگاکانی کوردستان و بڕیاریشە تا کۆتایی ساڵی 2026 بگاتە سەرجەم هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

پڕۆژەی رووناکی، سەرەتا لە گەڕەکێکەوە دەستیپێکرد و دوای سەرکەوتنی، بە خێرایی گەیشتە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی کارەبا پێشتر رایگەیاندبوو، ئەم پڕۆژەیە تێچوو لەسەر هاوڵاتییان کەمدەکاتەوە و بارگرانیی دوو پسووڵەی کارەبا (نیشتمانی و مۆلیدە) ناهێڵێت، لەمەودوا هاوڵاتییان تەنیا یەک پسووڵەی کارەبای نیشتمانییان بۆ دەچێتەوە.

تا کۆتایی ساڵ پرۆژەی رووناکی لە  سەنتەری هەڵەبجە تەواو ...

تا کۆتایی ساڵ پرۆژەی رووناکی لە سەنتەری هەڵەبجە تەواو دەبێت