دوای زیاتر لە مانگێک
موچە دابەشکرا و فەرمانگەی دادنوسی کەلار بایکۆتیان شکاند
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
فەرمانگە دادنووسیەکانی سنوری گەرمیان، دوای 34 رۆژ لە بایکۆتکردن بەھۆی دواکەوتنی موچەکانیان، ئەمرۆ یەک شەممە 27.7.2025 دەستیان بە دەوامکردن کردەوە.
یەکێک لە فەرمانبەرانی فەرمانگەی دادنوسی کەلار کە نەیویست ناوی بھێنرێت بە 964ى وت،”لە 22.6.2025 وە، بایکۆتیان کردووە، ئەمرۆش یەکەم رۆژی دەوامکردنیان بوو دوای ئەوەی موچەکانیان وەرگرت”.
“ئەمڕۆ دەوامی ئاساییە لە فەرمانگەکە ھەموو فەرمانبەران ھاتونەتەوە دەوامی خۆیان و ئیش و کاری ھاوڵاتییان بەڕێ دەکەن”،ئەو فەرمانبەرە وای وت.
ھەریەکە لە فەرمانگەی دادنوسی کەلار بەیانیان و ئێواران، دادنوسی رزگاری و کفری و دەربەندیخانیش، ماوەی 34 رۆژ بایکۆتیان کردبوو، ئەمرۆ ھەمویان کۆتاییان بە بایکۆت ھێنا.
ئەوەش دوای ئەوەی زیاتر لە 80 رۆژ بوو، موچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران دابەشکردنی دواکەوتبوو، لە رۆژی 25.7.2025 دەست بە دابەشکردنی کرا.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا