بۆ بنەڕەتی 10 ساڵی رابردووە

لەمانگی حەوتەوە لێبڕینی 3%ی موچە جێبەجێ دەکرێ

964+

ئەحمەد مستەفا

لە مانگی حەوتەوە، 3% لە موچەى فەرمانبەران و خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت، کە پەیوەستە بە موچەى بنەڕەتى فەرمانبەر لە ماوەى 10 ساڵى رابردوو.

بڕیارەکە هی وەزارەتی دارایی عێراقە و بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە، موچەى بنەڕەتى هەر 10 ساڵەکە کۆدەکرێتەوە، پاشان لە 3% لە سەرجەمى بنەڕەتى دەردەکرێت و فەرمانبەران بە 36 مانگ و خانەنشینان بە 60 مانگ لێیان وەردەگیرێتەوە.

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پێشتر لە راگەیاندراوێکدا وتی، رێژەی 3% لە 1ی کانونی دووەمی 2014 تاکو 30ی حوزەیرانی 2024 لە موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دەبڕدرێت.

دوای بەرکاربوونی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو و جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چەسپاندنی لێبڕینی خانەنشینی بە رێژەی 10% لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لێبڕینەکە دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لێبڕینی خانەنشینی بەمشێوەیە دەبێت:

یەکەم/ لێبڕینی رێژەی 3% لە موچەی فەرمانبەران لە 01-01-2014 تاوەکو 30-06-2024.

دووەم/ لێبرێنی رێژەی 3% لە موچەی فەرمانبەرێتی خانەنشینان؛ ئەوانەی ئێستا خانەنشینن و یاسای خانەنشینی یەکگرتوو دەیانگرێتەوە لە رێکەوتی 01-01-2014 تاوەکو رێکەوتی دەست لەکار هەڵگرتن و هەواڵکردنیان بۆ خانەنشینی.

سێیەم/ بڕی پارەی کەڵەکەبوی سەر فەرمانبەران و خانەنشینان وەکو قەرز تۆمار دەکرێت لە ئەستۆی فەرمانبەران و خانەنشینان.

چوارەم/ قەرزی ئاماژەپێکراو لە خاڵی سێیەم، لە ماوەی سێ ساڵ بۆ فەرمانبەر و ماوەی 5 ساڵ بۆ خانەنشینان پاکتاو بکرێت.

پێنجەم/ ئەم لێبڕینە لە 01-06-2025 دەستپێدەکات تاوەکو قەرزەکە پاکتاو دەکرێت.