دەبێتە پاڵپشت بۆ ئاوی قولە
قولەی دەربەند دەبێتە فریادڕەسی خەڵکی رانیە
964+
ژێوار خدر
بەڕێوەبەرایەتيی ئاوی راپەڕین پلانیان داناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی، سوود لە ئاوی قولەی دەربەند وەربگرن و بیکەن بە پڕۆژەیەکی ئاو کە پاڵپشتی پڕۆژەی ئاوی قولە دەکات.
ئاسۆ ئیبراهیم، لێپرسراوی پڕۆژەی ئاوی قولـلەی رانیە بە 964ـی وت، تەواوی ئامادەکارییەکانمان کردووە بۆ ئەوەی سوود لە ئاوی قولەی دەربەند وەبگرین بۆ دابینکردنی ئاو بۆ بەشێک لە قەزای رانیە و ئەوەی ماوەتەوە تەنیا رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و دابینکردنی بودجەیە بۆ پڕۆژەکە.
وتیشی، پڕۆژەکە پێکهاتووە لە دابینکردنی دوو بوستەر پەمپ و گەیاندنی بە قولەی رانیە و بەمشێوەیەش بەشێکی زۆری کێشەکانی کەمئاوی لە قەزای رانیە، کە ئەمساڵ بەهۆی کەی بارانەوە تووشی کەمئاوی بووەتەوە چارەسەر دەبن و هاوڵاتییان دەتوانن وەک جاران بە شێوەیەکی ئاسایی و لە کاتی خۆیدا ئاویان پێبگات.
روونیشیکردەوە، داوایان لە لایەنی پەیوەندیدار کردووە بە زووترن کات رەزامەندی دەرببڕن بۆ دابینکردنی بودجە و جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
قولەی رانیە لە ساڵی 1965ـەوە لەسەر کانیاوێکی سروشتی لە سەنتەری شاری رانیە دروستکراوە و ئاوی خواردنەوەی 65%ـی دانیشتوانی رانیە دابین دەکات، لەو ساڵانەی رێژەی بارانبارین کەمە، ئاوی کانیاوەکەش کەم دەکات، ئەمەش کێشەی کەمئاوی بۆ دانیشتووانی قەزاکە دروست دەکات.