لە 1977 وە خەڵکی بۆ چووە
روخاندنی خانوو؛ چیرۆکی ناونانی گەڕەکی “گێ مەدێ”ی هەولێرە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
زۆرێک لە گەڕەکە قەدیم و مێژوو خوڵقاوەکانی هەولێر، تەمەنیان تا چەند پیربێ، مێژووی بناغەکردنیان و ناویان لەیاد ناچێ، یەکێک لەو گەڕەکانە گەڕەکی “گێ مەدێ” یە، کە ئێستا ناوی نراوە بەهار.
ئەو گەڕەکەی هەولێر لە ساڵی 1977 وە وردە وردە، خەڵک تێیدا نیشتەجێ بووە.
وەک ئەوەی پەیامنێری 964، بەدواداچوونی بۆی کردووە، ئەو خەڵکانەی بوون بە نیشتەجێی ئەو ناوچەیە، وردە وردە، ماڵەکانیان وەک گەڕەکێکیان لێ هاتووە، بەشێکیان خەڵک کۆمەڵگە و هەندێکی دیکەیان خەڵکی گوند بوون و هاتوونەتە ئەو ناوچەیە.
بەڵام، بەهۆی ئەوەی زۆرێک لەو خانووانەی دروستیان کردووە تەجاوز بووە، حکومەت رووخاندوویەتی، وەستا مەولود پیشەکار و دانیشتووی گەڕەکەکەیە ئەو بە 964ی وت، بە شەو خانوویان بناغەکردووە، بە رۆژ “حکومەتی ئەوکاتی بەعس” رووخاندویەتی.
هەر ئەوەش بووە بەهەوێنی ئەوەی ناوی ئەو شوێنە بنرێ، گێ مەدێ “گوێی مەیەرێ” وەک ورەیەک بۆ خەڵک ناوچەکە و بەرگەگرتنی خەڵکەکەی لەبەرامبەر ئەو کارەی حکومەت رێگەی پێ نەداون خانوو دروست بکەن، گەرچی هەندێکیان دەڵێن، لەبەرامبەر کردنەوەی خانوو پارەیان داوە.
حاجی ئەبوبەکر ئەحمەد، دانیشتوویەکی ریشسپی گەڕەکەکەیە کە ئێستا بە فەڕمی ناوی کراوە بە بەهار، ئەو دەڵێ ئەم گەڕەکە یادگارییە وەختی خۆی خانووەکەی کە 200 مەتر بووە بە 200 دینار کڕیویەتی، ئەوکات چۆن گەڕەکێکی میللی بووە ئیستاش هەروەکخۆی ماوەتەوە.
بە دیاریکراوی نەزانراوە چەند ماڵن لەو گەڕەکە، تاوەکو ساڵی 2003 بۆ 2004، ناوی گەڕەکی گێ مەدێ بووە، دواتر بووە بە بەهار و گەڕەکەکە، دەکەوێتە سەر رێگای هەولێر مەخموور و لایەکیتریشی دەکەوێتە سەرشەقامی 100 مەتری.
زۆرینەی خەڵکی ئەو گەڕەکە لە قەزای مەخموور و ناوچەی کەندێناوە هاتوونەتە ئەوێ، دواتر بەشێکی ئەو گەڕەکە بەر شەقامی 100 مەتری کەوت و گەڕەکی بەهاری نوێی دروست بوو کە وەکو قەرەبوو وەریانگرت
داڕشتنەوەی: ئەحمەد مستەفا