چوار ساڵە پاڵهوانێتی ناوخۆ و نێودەوڵەتی ئهنجام دهدات
رواندز جگه له جوانیی سروشتهكهى تێنس سهرزهویشی ههیه
964+
ئاکام غەفور – سۆران
یەکێک لە یاریە دڵخوازەکان یاری تێنسە لە رواندز و گرنگی زۆری پێدەدرێت، ئەمەش وایکردوە چەندین یاریزانی باش و بە ئەزمون لە شارەکە دروست بن.
چوار ساڵە پاڵهوانێتی ناوخۆ و نێودەوڵەتی لە رواندز بەڕێوەدەچن، ئەمڕۆش یاری کۆتایی تێنسی سەرزەویە کە 20 یاریزانی ئیدارەی سۆران و هەولێر و کۆیە بەشداریان کردوە، سەرپەرشتیاری خولەکەش دەڵێت، ئەگەر کێشەی دارییمان نەبێت، دەتوانین پاڵەوانیەتی بۆ 100 یاریزانیش رێکبخەین.
شەهید سەباح، سەرپەرشتیاری پاڵەوانیتیەکە لە رواندز، به 964ـى وت، لە ساڵی 2022ـهوە رواندزیان کردووە بە گۆڕەپانی یاری تێنس لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق.
وتیشی “پاڵەوانیەتی گەورەمان لە سەر ئاستی عێراق لێرە بە سەرکەوتویی بەڕێوە بردوە، ئێستا خاوەنی 14 پاریزانى تێنسى بە تواناین لە ئیدارەی سۆران”.
یاریزانى تەمەن هەشت ساڵ لهناو پاریزانهكانى رواندزدا ههیه بهو ئومێدهن لە داهاتو بتوانن بەشداری یاریەکانی هەڵبژاردەی عێراقی بكهن.
باسی ئهوهشى كرد، گرفتی ئەوان قەیرانی دارایی و کەمی یاریگایە، کە لە ئیدارەی سۆران تەنیا دوو یاریگای تێنس هەیە، ئەگەر یاریگای زیاتر هەبێت دەتوانن پاڵەوانیەتی گەورەتر رێکبخەن لە شارەکە، لە پاڵەوانیتیەکەی ئەمساڵیش بەهۆی قەیرانی دارایی تەنیا توانی بەشداری پێکردنی 20 یاریزانیان هەبووە.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن