سمایل به‌گى رواندزى له گۆڕێكی په‌راوێزخراودا
100 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر داواى سه‌ربه‌خۆیی كوردستانى كردووه و دەيويست رواندز بکاتە سویسڕا
964+
ئاكام غه‌فور – رواندز
كه‌سایه‌تییه‌كى به‌ناوبانگى رواندز سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌ناو په‌رلەمانى عێراق له‌سه‌رده‌مى پادشایه‌تى، داواى سه‌ربه‌خۆیی كوردستانى كردووه، كه‌چى ئێستا خاوه‌نى گۆڕێكه خه‌ریكی ئاسه‌وارى نامێنێت و ته‌واو په‌راوێزخراوه.
964 سه‌ردانى گۆڕه‌كه‌ى كرد، هیوا سه‌ید سه‌لیم كه‌سایه‌تى دیارى رواندز و نووسه‌ر و رۆشنبیری له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته دوواند، ئه‌و ده‌ڵێت له‌ناو كورددا كه‌سایه‌تییه‌كى ده‌گمه‌ن بوو كه سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر وه‌كو پڕۆژه‌یه‌ك كارى له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كردووه.
وتیشی “سمایل به‌گ له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئومێدی ئه‌وه‌بووه رواندز وه‌كو سویسرا به‌ره‌و پێ ببات”.
چیا محەمەد، سەرۆکی شارەوانی رواندزیش به 964ـى وت، ئه‌وان پلانیان هه‌یه وه‌كو ئیداره‌ى سۆران قه‌زاى رواندز، گۆڕه‌كه‌ى نۆژه‌نبكه‌نه‌وه و خزمه‌تگوزارى جیاوازى بۆ دروستبكه‌ن.
سمایل سه‌عید بەگ، كه به سمایلى له‌على خان‌یش ناسراو بوو، لە ساڵی 1895 لە دایک بووە، گەنجێکی زمان‌زان و بەخەم بووە ، لە ساڵی 1920 دەکرێتە حاکمی رواندز و له نێوان ساڵانى 1925 تا 1928 دووجار ده‌بێته نوێنه‌رى هه‌ولێر له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، لە ساڵی 1933 لە دۆڵی (نیشاوێ)ی نزیک (خەلیفان) لە بۆسەیەکدا ته‌قه‌ى لێده‌كرێت و ده‌كوژرێت.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن