"به‌سته‌ڵه‌كى نێوان تۆماس باراك و عەبدی تواوه‌ته‌وه"
مەزڵوم عەبدی دەچێتە پاریس بۆ كۆبوونه‌وەیه‌ک كه ماكرۆن سه‌رپه‌رشتى ده‌كات
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
پێگەی ئەلمۆنیتۆری ئەمریكی بڵاویكردەوە، فه‌ڕەنسا ئامادەكاری ده‌كات بۆ كۆبوونەوەی لایەنەكانی سوریا لە پاریس و ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی ئەو وڵاتەش ئاماده‌ى كۆبوونه‌كه ده‌بێت و یه‌كێك له به‌شداربووانیش مه‌زڵوم عه‌بدییه.
پێگه ئه‌مریكییه‌كه، باس له رووداوەکانی سوەیدا ده‌كات كه به‌هۆیه‌وه پێگەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)ى بەهێزتر كرد و تۆماس باراك، نوێنەری تایبەتی ئەمریكا لە دواكۆبوونەوەی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، نەرمی زیاتری نواندووە.
پێگەكه، بە پشتبەست بە چه‌ند سەرچاوەیه‌كی ئاگادار، ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه کەشی دوا کۆبوونەوەکەی نێوان مەزڵوم عەبدی و تۆم باراک كە لە عەممانی پایتەختی ئوردن بەڕێوەچو، زۆر ئەرێنی تر بووە بەراورد لەگەڵ دیداری پێشوویان کە 10 رۆژ لەمەوبەر لە دیمەشق ئەنجامدرا.
بەپێی ئەو سەرچاوانەی قسه‌یان بۆ ئەلمۆنیتۆر كردووه، ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن پاریس میوانداریی کۆبوونەوەیەکی داهاتووی لایەنەكانی سوریا بكات، بە ئامادەبونی مەزڵوم عەبدی و نێردەی تایبەتی ئەمریكا، كە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی ئەو وڵاتە خۆی سەرپەرشتی دەكات.
بە وتەی یەکێک لە سەرچاوەکان، نوێنەری ئەمریکا له دوا كۆبوونه‌وه‌یدا بە مەزڵوم عەبدی وتوە “ئێوە هاوبەشێکی نایاب بوون”، جەختیشی لەوە کردووه‌تەوە، حکومەتی كاتی لە سوریا دەبێت بەرپرسیاریەتیی پێکدادانەکانی سوەیدا هەڵبگرێت، و وتبووشی “تۆڵەسەندنەوە و کوشتن لە هەر لایەنێکەوە بێت، قبوڵکراو نییە”.