بۆ هه‌موو شتێك پرس به‌ شاره‌وانى بكه‌

ئه‌گه‌ر چوویته‌ بنارى قه‌ندیل ده‌بێت ئه‌م رێنماییانه‌ جێبه‌جێ بكه‌یت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

شاره‌وانى بنارى قه‌ندیل، پلانسازی کارەکانی بۆ دوو ساڵی داهاتووی شارەوانیه‌كه‌ی راگەیاند و لێپرسینه‌وه‌ى جیاوازى بۆ سه‌رپێچیكارانى ژینگه‌یی داناوه‌ و به‌پێی پلانه‌كه‌ش هیچ كارێك به‌بێ پرسی شاره‌وانى له‌و سنووره‌ ئه‌نجام نادرێت.

رۆژى20.7.2025 هەشتەمین کۆنفرانسی شارەوانی بناری قەندیل بەڕێوەچوو و هاوسەرۆکانی نوێی شارەوانی دیارییکران، کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکەش پلانسازی کار و چالاکییەکانی دوو ساڵی داهاتووی شارەوانییەکەی ئاشكرا كرد.

دڵشێر ئیبراهیم، كه‌ ئه‌مجاره‌ش بووه‌ته‌وه‌ هاوسه‌رۆكى شاره‌وانى بنارى قه‌ندیل، به‌ 964ـى راگه‌یاند، ئه‌و پلانه‌ى بۆ دوو ساڵى داهاتوو داندراوه‌ بۆ پارێزگارى له‌ سروشت و ژینگه‌ گرنگیدانه‌ به‌كاره‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان.

وتیشی “هه‌موو ئه‌و خالأنه‌ى له‌ پلانه‌ دووساڵییه‌كه‌دا ئاماژه‌یان پێكراوه‌، له‌رێگه‌ى چه‌ند لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن و لیژنه‌ى تایبه‌تیش چاودێرییان ده‌كات”.

خاڵه‌كانى پلانسازی شارەوانی بناری قەندیل بۆ دوو ساڵی داهاتوو:

یه‌كه‌م: لە رووی پاراستنی ژینگە و ئاژەڵانی کێوی رێکاری توندتر و لێپرسینەوەی زیاتر دەگرێتە بەر وەک ئەم نموونانەی خوارەوە:

–      بۆ گرتنی هەر کەوێک 100 دۆلار سزا دەدرێت

–      بۆ گرتنی هه‌ر ئاژەڵێکی کێوی 10 هەزار دۆلار سزا دەدرێت

–      بۆ گرتنی یەک بێچووی سمۆرە 200 دۆلار سزا دەدرێت

–      بۆ بڕینی هەر دارێکی خۆڕسک بەبێ ئاگاداری شارەوانی سەرپێچیکار 100 دۆلار سزا دەدرێت جا لە شوێنی گشتی بێت یان موڵک و پاواندا لەگەڵ ئەنجامدانی هەر تاوان و سەرپێچییەک لە بەرانبەر سروشتدا تاوانبار بەدەر لە وەرگرتنی سزا، لەلایەن ئاسایشی بناری قەندیل سزای گرتن و زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت.

دووه‌م: پاراستنی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمی ڕێژەی دابارین لە ئەمساڵدا، عێراق بە گشتی رووبەڕوی قەیرانی ئاوی و وشکەساڵی بووەتەوە، بۆ کەمکردنەوە قەیرانی ئاو لە بناری قەندیل پێویست بە گرتنەبەری رێگاچارەی زیاتر هەیە، یەکێک لەوانە قەدەغەکردنی لێدانی بیری تایبەت لە سەرجەم گوندەکانی بناری قەندیل کە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ وشکبوون و لەناوچوونی کانی و سەرچاوە ئاوییەکان لە هەمان کاتدا گرێدراو بە لەناوچوون و بڕینی ڕێژەیەکی زۆری داری خۆرسک.

سێیه‌م: فرۆشتنی پووش لە گوندەکان لە ژێر سەرپەرشتی شارەوانی ده‌بێت و داهاتی پووش دووبارە دەخرێتەوە خزمەتی گوندەکان.

چواره‌م: بە هەموو شێوازێک بردنە دەرەوەی داری خۆڕسک بۆ دەرەوەی سنووری بناری قەندیل، قه‌ده‌غه‌یه‌.

پێنجه‌م: دەستکاریکردنی کوێستانەکان بە ئامێری شۆفڵ و حەفارە قەدەغەیە بە مەبەستی چاککردنی جێگا بۆ هەنگ و ئاژەڵان، ئەوەشی تاوەکو ئێستا جێگای چاککردبێت لە کوێستانەکان ئەو کەسە نابێتە خاوەنی ئەو شوێنە هەر کاتەک پێوێستی پێی نەما راستەوخۆ شارەوانی ئاگاداردەکاتەوە، هاوکاتی ئەوە دروستکردنی خانوو و ژوور لە کوێستانەکان قەدەغەیە.

شه‌شه‌م: وەرگرتنی باجی ساڵانە لە (کێڵگە پەلەوەرییەکان، کارگەی چەو و لم، پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ماسی، پووش، بنێشت، بیر، سەرجەم ئەو بارهەڵگرانەی لە هێڵی بناری قەندیل کار دەکەن.

حه‌وته‌م: هیچ ئامێرێک ناتوانێت بەبێ پرسی شارەوانی لە بناری قەندیل کار بکات.

هه‌شته‌م: هەر داواکاری و کێشە و پڕۆژەی گوند هەبێت لە رێگەی ئەنجوومەنەکان بگەیەندرێت بە شارەوانی.

نۆیه‌م: گرتنەوەی ئەسپ و ماینی بەرەڵاکراو چی ئەوانەی خاوەنەکانیان لە سنووری قەندیل دادەنیشن یان لە وەرزی زستاناندا دەچنەوە شار لە دوای ئەو بڕیارە ئەگەر هەر کەسێک ئەسپ و ماینی خۆی نەگرێتەوە شارەوانی ئەو ئاژەڵە دەفرۆشێت و پارەکەی دەخرێتە خزمەتی شارەوانی.

ده‌یه‌م: بۆ سەرجەم مارکێت و دوکانەکانی بناری قەندیل لە ئەگەری گرانفرۆشی و کوالێتی نزم و بەسەرچوونی بەرواری شتومەک و کاڵاکان خاوەن دوکان سزای مادی دەدرێت و و دوکانەکەی بۆ ماوەیەکی دادەخرێت.

یازده‌م: پاوانی تایبەت و پاوانی گشتیی و موڵک سێ شتی لێک جودان، کەس ناتوانێت پاوان و بەشە گەل بکات بە موڵک و باخ و بێستانی لەسەر دروستبکات.

دوازده‌م: جڵوێ بڕین بۆ ماوەی دوو ساڵ قەدەغە دەکرێت، واتە تەنها دەتوانرێت گەڵ بکرێت ئەویش لە کاتێکی دیاریکراودا دەستپێدەکات لە رێکه‌وتى 15ـى ماگى ئاب، دەتوانن دێو بکەن.

سێزده‌م:  هەر هەرێمێک لە گوندەکانی بناری قەندیل سنووری نێوانیان دیاری کراوە، لە ئەگەری بەزاندنی هەر سنوورێک و روودانی ئاڵۆزی و کێشە لە ناوچەکەدا، ڕێکاری توند دەگیرێتەبەر.

چوارده‌م: لە فرۆشتنی موڵک و زەوی و خانوو، پێویستە رەچاوی یاساکانی شارەوانی و گوندەکان بکرێت.

پازده‌م: بۆ دروستکردنی هەر پڕۆژەیەکی گشتی پێویستە هەر کەس خۆی بە بەپرسیار و یارمەتیدەر ببینێت.

شازده‌م: لە ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی هەر کێشەیەک کە پێشتر بڕیاری لەسەر درابێت و گرێبەست و نووسراو هەبووبێت جارێکی تر ناگەڕێتەوە سەر ئەو کێشەیە و پێویستە هەردوولا پابەندی ئەو بڕیارە بن.

حه‌ڤده‌م: هەر کەس بە ئەنقەست ئاو بخاتە سەر شەقام و رێگای گشتیی و گوندەکان غەڕامە دەکرێت، بۆ پەڕینەوەی ئاوی ئاودێری لە جادە پێویستە نۆین و مەنفەز هەبێت.

هه‌ژده‌م: فڕێنەدانی زبڵ و خاشاک و جۆپ لەسەر جادە و شوێنە گشتییەکان و ڕووبار و سەرچاوە ئاوییەکان، پێویستە ئاسانکاری بۆ پاکەوانان لە فڕێدانی جۆپی ماڵان بکرێت.

نۆزده‌م: هەر هەرێمێکی بناری قەندیل پێویستە شوێنى زبڵێ خۆی دیاری بکات.

بیسته‌م: بۆ هەموو ئەندامان و کرێکارانی شارەوانی پابەندی کاتی دەوام و جددیەتی شارەوانی ببن، لە ئەگەری زۆر دووبارەبوونەوەی تێکچوونی ئامێرەکان بە دەستی کرێکاران چاککردنەوەی دەکەوێتە سەر ئەستۆی ئەو کرێکارە.

شاره‌وانى بنارى قه‌ندیل ورچه‌ كوژراوه‌كه‌ راده‌ست...

شاره‌وانى بنارى قه‌ندیل ورچه‌ كوژراوه‌كه‌ راده‌ستى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كات

كشتوكاڵ و گه‌شتیارى لە گوندەکانی بنارى قه‌ندیل پەرەی ...

كشتوكاڵ و گه‌شتیارى لە گوندەکانی بنارى قه‌ندیل پەرەی سەندووە‌

ئه‌مساڵ مام خدر له‌جیاتى شاره‌وانى پرده‌كه‌ى گوندى ...

ئه‌مساڵ مام خدر له‌جیاتى شاره‌وانى پرده‌كه‌ى گوندى پشتئاشانى دروستكرده‌وه‌