نه‌ریتى گوندێكى توركیا
ساڵانه رۆژێك پیاوان له گوند ده‌رده‌كرێن و ژنان كاره‌كان راده‌په‌ڕێنن
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
وەکو نەریتێکی ساڵانە لە گوندی کۆزلوئۆرەن له ناوچه‌ى کێستێل لە پارێزگای بورسا لە تورکیا، بۆ ماوەی یەک رۆژ پیاوان لە گوند دەردەکرێن و ژنان گوندەکە بەڕێوە دەبەن، پیاوانیش پابه‌ندی ئه‌و نه‌ریته ده‌بن كه له سه‌رده‌مى عوسمانییه‌كانه‌وه له گونده‌كه جێبه‌جێ ده‌كرێت.
گوندى کۆزلوئۆره‌ن تەمەنی دروستبوونه‌كه‌ى بۆ 722 ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ئاژانسی هەواڵی نه‌فه‌سی توركی بڵاویکردووەتەوە لە میانی ئەم چالاکییە یەک رۆژەدا بەرەبەیانی دوێنێ یەکشەممە، پیاوان لە گۆڕەپانی گوندەکە کۆبوونەوە و دوای ئەوەی ئەوەی لە مزگەوتی گوندەکەوە داوایان لێ‌کرا، تەواوی کارەکانیان رادەستی هاوسەرەکانیان کرد و گوندەکەیان به‌جێهێشت.
موختاری گوندیش مۆرەکەی و خاوەنکارانی گوندەکەش کارەکانیان راده‌ستى هاوسەرەکانیان كرد و چوونه ده‌ره‌وه‌ى گونده‌كه‌یان و بۆئه‌وه‌ى ئه‌م نه‌ریته‌ش به رێكوپێكی و بێ كێشه به‌ڕێوه‌بچێت، هێزە ئەمنییەکان رێگەیان لە پیاوان گرت بێنەوە ناو گوندەکە، ئه‌وانیش به‌ناچاری له دەرەوەی گوند چوونه لاى گۆڕه‌پانێك و سه‌یرى پێشبڕکێی زۆرانبازیان كرد.
بەشێک لەو ژنانە سەرقاڵی ئەنجامدانی ئەو کارانە بوون کە هاوسەرەکانیان رادەستیان کردبوون، بەشێکی دیکەیشیان بەشدارییان لەو چالاکییانەدا کرد کە لە گۆڕەپان و شەقامەکانی گوندەکە ئەنجام دەدران.
وه‌ك باس ده‌كرێت، ماوه‌ى 524 ساڵە، ساڵانه رۆژێک تەواوی کاروباری گوندەکە رادەستی ژنان دەکرێت، بەڵام تەنیا دوو ساڵە له میدیاکانی تورکیاوه باس لەو نەریتە دەکرێت و کۆنترین وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی ئەم چالاکییانەش بۆ دوو ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێنەوە.
ژنان لە گۆڕەپانی گوندەکەدا چاتیان دەکرد و چایان دەخواردەوە، بە درێژایی رۆژەکە بە چالاکییە چێژبەخشەکان ئەم رۆژە تایبەتەیان به‌سه‌ربرد، ژمارەیەکی زۆر لە سەردانکەرانی پارێزگاکانی دەوروبەریش بەشدارییان لەو نه‌ریته‌دا کرد کە بە سەرۆکایەتی ژنان بەڕێوەچوو.
سەرۆکی گەڕەکی کۆزلوۆرێن مەهمەت چالیشکان جەختی لە گرنگی گواستنەوەی ئەم میراتە کولتوورییە بۆ نەوە گەنجەکان کردەوە و ده‌ڵێت “بۆ ماوەی رۆژێک گونده‌كه بە ژنەکانمان دەسپێرین، وەک نەریتێک دەچینە دەرەوەی گوند و سەیری زۆرانبازی دەکەین”.